زاری كرمانجی – سۆران :
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان, رایدەگەیێنێت” 16ی ئۆكتۆبەر یەكێكە لە رۆژە رەش و شوومەكانی مێژوویی گەلی كوردستان، چونكە خیانەتێكی بێ وێنە لە خوێنی شەھیدان و پێشمەرگە و خاكی كوردستان كرا .
وەیسی سەعید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان, بۆ زاری كرمانجی, گووتی:” چەند كەسێك لە ناو لایەنێكی سیاسی بەئاشكرا خیانەتیان لە كوردستان كرد، ئەوەی زیاتر لە سەدەیەك بەخوێن و خەبات و فرمێسك بەدەست ھاتبوو لە پێناو بەرژەوەندی گیرفانیان بە چەند كات ژمێرێك لە دەست درا، ئامانجیش لەم خیانەتەیە سرینەوە و لەناو بردنی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان بوو .
دووپاتی كردەوە:” گەر حیكمەتی سەرۆك مسعود بارزانی و قارەمانیەتی شێرە كورانی پارتی و بارزانی نەبا كوردستان لە رەوشێكی تردا دەبوو، جگە لە خوای گەورە كەس نەیدەزانی چارەنووسمان چی دەبوو. بەڵام لە ٢٠ی ئۆكتۆبەر لە پردێ و سحێلا سنور بۆ خائین و خاكفرۆشان داندراو، گەمارۆیەكان تێكشكێندران وھاوكێشەكان گۆردران .
گووتیشی:” بەدڵنیایەوە گەر ئەم خیانەتە نەبا، زۆر ئەستەم بوو بەم شێوەیە كەركوك و ناوچەكانی تری كوردستان داگیركرابان، یان دووچاری ئەو ھەموو نەھامەتیانە ھاتبان، چونكە ریفراندۆم سنوری كوردستانی پاراست، كە ھیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت ناسنامەی كوردستانی بوونی ناوچەكان بگۆرێت، بەڵام ئۆبالی ھەموو نەھامەتیەكانیش لە ئەستۆی ئەوانە دایە لە پێناو بەرژەوەندی گیرفانیان كەركووكیان ھەرزان فرۆش كرد “.