سوپای ئەمەریكا وەك هاوكاریی و پشتیوانییان بۆ هێزی پێشمەرگە، ژمارەیەك چەكی قورسیان ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە كرد.
ئەمڕۆ سێشەم 6-8-2024 شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند” ئەمڕۆ ڕۆژێكی مێژووییە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كە لەلایەن حكوومەت و سوپای ئەمەریكاوە وەك بەردەوامی لە هاوكاریی و پشتیوانییەكانیان بۆ هێزی پێشمەرگە، بەردەوامن لە هاوكاریی و پشتیوانی”.
وەزیری پێشمەرگە زیاتر روونیكردوە” كۆمەڵێك چەكی قورس كە پێكهاتوون لە تۆپی قورس، ئەمڕۆ ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكرێت، كە بە دڵنیاییەوە توانا سەربازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و پێشمەرگەی كوردستان، دەگەیەنێتە ئاستێكی بەرزتر، هیوادارین لەم جۆرە چەك و هاوكارییانە بەردەوام بێت، بەتایبەتی لەم قۆناغەی ئێستە كە شەڕی تەكنەلۆجیایی سەربازییە”.
شۆرش ئیسماعیل زیاتر گووتی ” هێزی پێشمەرگەی كوردستان چاوی لەوەیە ببێتە خاوەنی ئەو چەكە تەكنەلۆجیا پێشكەوتووانە، ئەویش بە پشتیوانی و هاوكاریی بەردەوامی هاوپەیمانان، لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمەریكا”.
وەزیری پێشمەرگە وەك پێزانینێك بۆ هێزەكانی ئەمریكا گووتی ” حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە و تەواوی فەرماندەكانی كوردستان، سوپاسی زۆری حكوومەت و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا دەكەین وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا و حكوومەتی ئەمریكا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە هاوكاریكردنی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە”.