ئایا ئێران هێڕش دەکاتە سەر ئیسرائیل؟
”لە کات و شوێنێکدا هێشتا دیاری نەکراوە، وەڵامی ئیسرائیل دەدەینەوە”
”پەرەسەندنی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێک نییە”
راپۆرت: بەختیار سەباح
شەوی ڕابردوو چاوی هەموو وڵاتانی جیهان و میدیاکان لەسەر تەلئەبیب بوو، بۆ ئەوەی بزانن چ کاتێک مووشەکانی ئێران ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێن، بەڵام هیچ شتێک ڕووینەدا.
دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، لەناو دڵی ئێران و هەروەها کوژرانی دوو سەرکردەی باڵای حزبوڵلای لوبنانی، گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل زیاتر بوون. لەو ساتەوە ئێران هەڕەشەکانی بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکردووەو چەندین جار ڕایگەیاندووە، ” تۆڵە لە ئیسرائیل دەکەینەوەو هێڕشەکانی ئەمجارە جیاواز دەبن” عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە تویتێکدا گووتی: ” ئیسرائیل نامێنێت”.
بەهۆی زیاتر پەرەسەندنی گرژییەکان، بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، هاووڵاتییانی خۆیان ئاگادار کردووەتەوە، کە بە زووترین کات، لوبنان، عێراق، یەمەن و ئیسرائیل بەجێبێڵن، هەندێکیشیان گەشتە ئاسمانییەکانیان ڕاگرتووە، هەموو شەوێک ئاسمانی بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و نزیک لە ڕووداوەکان، لە باڵەفڕەکان چۆل دەبێت و بێ دەنگ دەبن، ئەمەش لە ترسی هێڕشی ئێرانە بۆسەر ئیسرائیل، بەڵام تا ئێستە ساتی هێڕشەکە نەزانراوە.
لای خۆیەوە حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت: ”لە کات و شوێنێکدا هێشتا دیاری نەکراوە، وەڵامی ئیسرائیل دەدەینەوەو پێیان دەسەلمێنن، کە هەڵەیان کردوو”..
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گووتی: ”کاتێک وڵامێکی توندمان دانەوە، دەزانن کە هەڵەیان کردووە، ئەمجارەش هەڵەیان کردو دیسانیش وڵامی توند وەردەگرنەوە، دیار نییە کەی و لە کوێ و چۆن وڵامیان دەدەرێتەوە؟ بەڵام وەڵام هەر وەردەگرن”.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: ”ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی هەستیاردا گوزەر دەکات”. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، پەرەسەندنی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێک نییە، تەنها دەبێتە هۆی ناکۆکی زیاتر و توندوتیژی زیاتر، دەبێت ئەم تەوقە توندوتیژییەی دروستبووە بشکێندرێت”.
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئوردن، لەبارەی هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل؛ گووتی: بە دڵنیاییەوە تێکچوونی دۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان، لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە،
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاندێکی ئوردن سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆبوونەوەو کە “نامەیەکی ئەمەریکایان پێ بووە” بۆ پەشیمان کردنەوەی تاران، لە هێرشەکردنە سەر ئیسرائیل، بەڵام بەرپرسانی ئێران هەر زوو دوای سەردانەکە، دووپاتیان کردەوە، سوورن لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و “تەنبێ”ـی دەکەن.