شەهلا ڕەشید- مێرگەسۆر:
ڕاگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، دەڵێت، جگە لەو بەشانەی كە هەمانە ئەمساڵ چەند بەشێكی دیكە دەكەینەوە، هەروەها دەمانەوێت زیاتر گرنگی بەو بەشانە بدەین كە بۆ دەڤەرەكە سوودمەندن.
د. تاڵب شێروانی، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” پەیمانگەكەمان سێ بەش لە خۆ دەگرێت كە بریتین لە پەرستاری، كارگێڕیی كار و تەكنیكی وەرگێڕان، جگە لەمانە ئەمساڵ دوو بەشی دیكەی زانستی زیاد دەكەین ئەوانیش هەنگەوانی و ڕووەكە پزیشكییەكان، كە بۆ دەڤەرەكە زیاتر سوودیان هەنە، بۆ نموونە هەنگەوانی بەشێكی گرنگی كشتوكاڵییە و بەشێوەیەكی زانستی دەتوانێت پەروەردەی هەنگ بكات، هەروەها ڕووەكی پزیشكیش بە هەمان شێوە تایبەتمەندی خۆی هەیە لەبەر ئەوەی خەڵكێكی زۆر گیادەرمان بەكاردەهێنن بێ ئێوەی لەڕووی پزیشكییەوە شارەزایان هەبێت، بەڵام ئەگەر ئەم بەشە بكەینەوە ئەوا كەسەكان بەرهەم دەهێنین بەشێوەی زانستی كارەكان بكەن، بێ ئەوەی زیانی تەندروستی هەبێت و لە هەمان كاتدا دەتوانێت دەرمانخانەیەكی گیایی دابنێت.
ڕاگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، گوتیشی: زۆربەی زۆری قوتابییان ئارەزووی بەشی پەرستاریان هەیە و ئێمەش لە تاقیگەكەمان هەموو پێداویستی و ئامێرەكان بەشێوەی كواڵیتی بەرز بەردەستن، ئەگەر باسی ئامێری ” Alex” بكەین كە تەنها لە كۆلیژی پزیشكی هەیە، كە چی لە هۆڵی تاقیگەی پەیمانگەكەمان ئەم ئامێرە بەردەستە، ئەویش ڕۆبۆتێكە لەگەڵ نەخۆش و كەسی بەرامبەر قسە دەكات، جگە لەمەش هەموو پێداویستی و ئامێرەكانمان بەشێوەی كواڵیتی بەرزن.