زاری كرمانجی-سۆران:
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتییان پشتگیریی ڕێکارەکانی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بۆ داخستنی پاڵاوتگەی نایاساییەکان دەکات.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە کۆپییەکی بۆ زاری كرمانجی-نێردراوە، ڕایدەگەیەنێت “پشتگیریی لە ڕێکارەکانی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بۆ داخستنی پاڵاوتگەی نایاساییەکان دەکات، کە بە بێ مۆڵەتی وەزارەت و لە دەرەوەی ڕێنماییەکان دامەزراون”.
هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە “جگە لە هەرسێ پاڵاوتگەی كار، لاناز و قەیوان مۆڵەتیان بە هیچ پاڵاوتگەیەكی دیكە نەداوە و ئەم سێ پاڵاوگەیەش لەسەر بنەمای مەرج و ڕێنماییەكانی وەزارەت كار دەكەن”.
هەروەها جەخت دەکاتەوە “پێدانی مۆڵەت بە پاڵاوتگەکان لە ڕێگەی وەزارەت و پابەندبوون بە ڕێنماییەکان دەبێت، یەکێک لەوانە پێوەرەکانی پاراستنی ژینگەیە کە لایەنی ژینگەیی بەشی هەرە گرنگی ڕێنماییەكانە”.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاشیگەیاندووە “بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان بە نووسراوی فەرمیی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی ئاگادار کردووەتەوە پێویستە ڕێکاری یاسایی بۆ پابەندکردنی مووەلیدەكانی كارەبا و بەكارهێنانی گازی كوالێتی باش بە پێی خەسڵەتەكانی پەسەندكراوی وەزارەت بگیرێتە بەر و بۆ ڕێگری لە ساغكردنەوەی بەرهەمی نایاسایی و خراپی پاڵاوتگەكانیش، داوا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان کراوە تاقیگە نایاساییەکان دابخەن”.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ داخستنی سەرجەم پاڵاوتگە نایاساییەکان ئامادەی هەماهەنگی و هاوکاریی لەگەڵ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەربڕیوە.