مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئاژانسی فرانس پرێس ڕاگەیاند ” لەژێر فشاری خۆپیشاندەران، شێخ حەسینە، سەرۆكوەزیرانی بەنگلادیش دەستی لە كار كێشایەوە و وڵاتەكەی بەجێهێشت .
فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێكی حكومەتی بەنگلادیش كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت بڵاوی كردەوە “ئەمڕۆ دووشەممە 5ی ئابی 2024، سەرۆكوەزیرانی بەنگلادیش پۆستەكەی جێهێشتووە و بەرەو دهرهوهى وڵات هەڵاتووە.”
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت “سەرۆكی حكومەت و خوشكەكەی” بارەگای فەرمی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانیان لە پایتەخت بەجێهێشتووە و بۆ شوێنێكی سەلامەتتر هەڵاتوون،” ئاماژەی بەوەشكردووە، “سەرۆكوەزیران ئامادەكاری بۆ پێشكەشكردنی وتارێك كردووە، بەڵام بە هۆی فشاری خۆپیشاندەران دەرفەتی نەبووە وتارەكەی پێشكەش بكات و بە زوویی كۆشكەكەی بەجێهێشتووە.”
بەهۆی خۆپیشاندانەكانی بەنگلادیشەوە هەر وەكوو ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژەی بۆ دەكات تا ئێستا 300 كەس كوژراون، زۆرترین ڕێژەی كوژراوانیش دوێنێ یەكشەممە بوو كە گەیشتە 100 كوژراو كە 13 یان ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان بوون.
خۆپیشاندانەكانی بەنگلادیش لە مانگی تەممووزی ڕابردووەوە دەستیان پێكرد و خۆپیشاندەران داوای مافی یەكسانی لە دابەشكردنی هەلی كار لە كەرتی گشتیدا دەكرد، بەم بۆنەشەوە داوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكەیان دەكرد.
بەپێی سەرچاوە میدیاكانی بەنگلادیش، سەرۆكوەزیران بە هەلیكۆپتەرێكی سەربازی بەنگلادیشی بەرەو هیندستان جێ هێشتووە .