زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆكی تۆڕی كۆمەڵەی هەنگەوانانی هەرێمی كوردستان، دەڵێت: ئیدارەی سۆران هۆكار بوو كە ئەمساڵ هەنگوینی كوردستان كەم ببێتەوە، پێویستە بۆ ساڵانی داهاتوو ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت، ئەگەرنا خەڵكێكی زۆر دەست لە پیشەی هەنگەوانی بەردەدات.
عارف شێروانی، سەرۆكی تۆڕی كۆمەڵەی هەنگەوانانی هەرێمی كوردستان، بۆ زاری كرمانجی گوتی: ئیدارەی سۆران لە سەرەتای وەرزی بەهار تا 10ی مانگی حەوت ڕێگری لە هەنگەوانان كرد بۆ ئەوەی هەنگەكانیان ببەنە كوێستانەكان، ئەوەش وای كرد لەبەر گەرما زۆر هەنگ بمرن، یان لاوازبن، هەر ئەوەش هۆكار بوو كە هەنگوینی ئەمساڵ زۆر كەم ببێتەوە.
سەرۆكی تۆڕی كۆمەڵەی هەنگەوانانی هەرێمی كوردستان، دەشڵێ: ئەگەر ساڵانی داهاتوو ئەو ڕێگرییە بمێنێت، خەڵكێكی زۆر دەست لە كاری هەنگەوانی بەردەدەن، چونكە هەر لەبەر ئەو ڕێگریە زیاتر لە 50 هەنگی من مردوونە، بە دەیان هەنگەوانی دیكەش گوتیان هەنگەكانی ئێمەش لە بەر گەرما مردوونە، ئەمە لە كاتێكدایە ناوچە كوێستانییەكانی ئیدارەی سۆران شوێنی زیاتر لە یەك ملیۆن سندووقی هەنگ هەیە.