شەهلا ڕەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی قۆڵۆن لە زیادبوونە، ئەمەش نەك تەنها لەسەر ئاستی جیهان، بەڵكو لە هەرێمی كوردستانیش خەڵكێكی زۆر تووشی دەبن.
د. هیوا ئەبوبەكر، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەرس و جگەر، ڕاگەیاند” شێرپەنجەی قۆڵۆن لەسەر ئاستی جیهان و تەنانەت هەرێمی كوردستانیش ڕوو لە زیادبوونە، ڕۆژانە ڕێژەیەكی بەرچاوی هاوڵاتییان تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن، بۆ دووربوون لە مەترسییەكانی شێرپەنجەی قۆڵۆن، گرنگی بەم ڕێنماییانەی خوارەوە بدەن:
- دوای تەمەنی 40 بۆ45 ساڵی پشكنینی پێشوەختە بۆ شێرپەنجەی قۆڵۆن بكەن.
- ئەگەر تەمەنت گەیشتە 45 ساڵ بۆ ئەوەی دوور بیت لە تووشبوون بەم نەخۆشییە ئەوا لە ڕێگای پشكنین و چارەسەرەكانەوە ڕێگری نەخۆشییەكە بكە تا لە قۆناغی پێشوەختە كاری تەواوت بۆ ئەنجام بدرێت و دەستنیشانی تەواوی حاڵەتەكانت بۆ بكرێت.
- لە نێوان 5 بۆ 10 ساڵ جارێك پێویستە هەناوبینی قۆڵۆن ئەنجام بدەیت.
- ئەگەر كەسێكی نزیكت لە بنەماڵە و كەس و كارت خوار تەمەنی 75 ساڵی تووشی بووە، پێویستە پێشوەختە هەناوبینی قۆڵۆن ئەنجام بدەی.
ئەم پزیشكە پسپۆڕە، دەشڵێت” خۆتان بەدوور بگرن لە شێرپەنجەی قۆڵۆن و ژیانێكی تەندروست بژین، خۆراكی تەندروست بخۆن، دووربكەونەوە لە جگەرە كێشان، ماددە كەحولییەكان و هەموو ئەو شتانەی كە زیانبەخشن بۆ تەندروستیتان.