زاری كرمانجی – سۆران :
پێگەی هەواڵی ئەكسیۆسی ئەمریكیی لە سەر زاری سێ بەرپرسی ئەمەریكی و ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە “سبەی دووشەممە ئێران هێرش دەكاتە سەر ئیسرائیل،”
ئەو سێ بەرپرسە لە لێدوانەكانیان بۆ ئەكسیۆس دڵنیایی خۆیان لە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دووپات كردووە و ڕایدەگەیەنن “تەنیا شتێك دڵنیا نین كە ئایا ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی پێكەوە هێرشەكانیان دەكەن یان بە جیا،”
بەپێی پێشبینییەكانی ئەو بەرپرسانە “ئێران هاوشێوەی هێرشە مووشەكییەكانی 13ی نیسان، ناوچەكانی باشووری ئیسرائیل بە گشتی و بنكەی ئاسمانی بنیڤاتیم بە تایبەتی بۆردوومان دەكات .”
ئێران لە تۆڵەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە دیمەشق، 13ـی نیسانی ئەمساڵ بە مووشەك و درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشی كردە سەر ئیسرائیل، چاوەڕێ دەكرێت لە تۆڵەی كوشتنی ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی حەماس كە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە تاران كوژرا، بەهەمان شێوە هێرشێكی تر بكاتەوە سەر ئیسرائیل، بە تایبەت دوای ئەوەی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی دا.