هۆگۆ نێروەیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە بڕیاری بافڵ تالەبانیی سەرۆكی، یەک ساڵ زیاتر لەگەڵ بەرەی ھەماھەنگیدا بوو، ھەموو سازشێكی بۆ ئەو بەرەیە كرد، بە رادەیەك ئەگەر حزبی بافڵ لەگەڵ ئەو بەرەیەدا نەبوایە و لەگەڵ سەدردا بوایە، ئێستا بەرەی هەماهەنگی لەدەرەوەی ھاوکێشە و دەسەڵات دەبوون و موقتەدا سەدر حکوومەتی پێک دەھێنا، کەچی بەرەی هەماهەنگی (لایەنە زۆرینەكەی) بە کەمتر لە ٢٤ سەعات، دەستبەرداری بافڵ و حزبەكەی بوو و دەنگی بەو کەسە دا، کە بارزانی ئۆکەی بۆ کرد!
ئەو کەسەی بە پارە کەسێک دەکڕێت، خۆیشی لەلایەن کەسێکی دیكە بە پارە دەکڕدرێت. کڕدراو ھەمیشە دەبێتە فرۆشیاری کەسێكی دیكە، بەڵام ئەوەی خۆی فرۆشتووە، قەت ناتوانێت کەسی دیكە بکڕێت!
جا گرووپی خیانەتی نێو یەكیتی، لە 16ی ئۆکتۆبەر بەتەواوی خۆی رادەست و فرۆشتبوو، بۆیە دەبێ بزانێت ئەوەی خۆی و نیشتمانی فرۆشتووە، کەس خۆی ناکات بە خاوەنی و بەئاسانی دەفرۆشرێتەوە!
دەگێڕنەوە لە دێرزەمان بازرگانێک هەبوو کڕین و فرۆشتنی بە کۆیلەکان دەکرد، ھەموو کۆیلەکانی لە زیندانێک دانابوون، تەنیا نان و ئاوی پێیان دەدا، بۆ ئەوەی نەمرن و زۆر لاواز نەبن و لە کاتی کڕین و فرۆشتندا پارەیەکی باش بکەن، کۆیلەکان لەو ژیانە زۆر بێزار بوون، ھەموویان ئاواتی مردنیان دەخواست، کەسێک ھەبوو لەناو کۆیلەکان زۆر ئازا بوو، ھەموو خەسڵەتێکی سەرکردایەتیی تێدابوو، پلانێکی دانا بۆ ئەوەی لەو دۆزەخە ڕزگار بن.
رۆژێكیان ئەو كەسە بەنهێنی بە ھەموو کۆیلەکانی گوت: ”ئێمە لێرە ھەموو ڕۆژێك دەمرین، بەپێی ئەم پلانەم، کە مەترسیدارە، ئەگەری ھەیە ھەموومان بمرین، بەڵام خۆ لێرەش بە مردوو حسابین، ئەگەر ڕزگار بووین بە ئازادی و سەربەزری دەژین.“ ئەوە بوو ھەموو کۆیلەکان بەمە ڕازی بوون، بەڵام لە ڕۆژی جێبەجێکردنی پلانەکە، یەکێک لە کۆیلەکان خیانەتی کرد و چوو پلانەکەی بە بازرگانی کۆیلەکان گوت و بەڵێنی لێ وەرگرت، کە بکرێتە سەرۆکی کۆیلەکان.
ئەوەبوو لە کاتی جێبەجێکردنی پلانەکە، بازرگانەکە ھەموو کۆیلەکانی دەستگیر کردەوە و ئەو کەسەشی کرد بە سەرۆکی کۆیلەکان و لەناو زینداندا کەمێک خواردنی زیاتری پێ دەدا. جا ئەو كۆیلەیەی كە خیانەتی كرد زۆر دڵی بەوە خۆش بوو کە کراوە بە سەرۆکی کۆیلەکان! کەسە ئازایەکە کە بە سەرکردەیان ناسرابوو، بە سەرۆکی کۆیلەکانی گوت: ”دڵت بە چی خۆشە؟ ھەر چی بیت لە کۆتاییدا ھەر کۆیلەی و ڕۆژێک دێت تۆش دەفرۆشن.“
چەند مانگێک دوای پیلانەکە، بازرگانەکان ھاتن چەند کۆیلەیەک بكڕن، چونکە سەرۆکی کۆیلەکان خۆراكی زیاتری خواردبوو، لەچاو ھەموو کۆیلەکان بەھێزتر دیار بوو، بازرگانەکانیش گوتیان بە ھەر نرخێک بێت ئەم کۆیلەیەمان دەوێت. بازرگانی کۆیلەکانیش بەبێ دوودڵی دەستبەرداری بوو، سەرۆکی کۆیلەکان گوتی: ”گەورەم بەم شێوەیە پاداشتم دەدەیەوە؟ خۆ من کۆیلە نیم، سەرۆکی کۆیلەکانم!“ بازرگانەکەش گوتی: ”گەمژە گلەیی لە کێ دەکەی؟ تۆ خۆت ئازادی و سەربەستییت ڕەت کردەوە و بۆ ھەتاھەتایە کۆیلایەتیت ھەڵبژارد و بۆ پارووەنانێک چارەنووسی خۆت و ھاوڕێکانت فرۆشت!“
جا مەسەلەی تاقمی 16ی ئۆکتۆبەر، ھەروەکوو ئەوە وایە، خۆیان ئازادی و سەربەرزییان ڕەت کردووەتەوە و تاھەتایە کۆیلایەتییان ھەڵبژاردووە. کەرکووک بە داروبەردەوە لەدەستی ئەواندا بوو، ھەر خۆیان حاکمی یەکەم و دوایی بوون، بەڵام لە ڕقی پارتی و بۆ ئەوەی کورد بە ئامانج نەگات و کوردستان سەربەخۆ نەبێت، کەرکووکیان فرۆشت و بەڵێنی چەند تانکەرە نەوتێکی قاچاخ و چەند پۆستێکی تاكەكەسییان وەرگرت، لەوانە پۆستی سەركۆماری بۆ بەرهەم ساڵح! بەڵام دەركەوت هەر کاتێ عێراق و وڵاتە داگیرکەرەکان ئیشیان پێیان نەما، دەستبەرداری ھەموویان دەبن.
ئەوەی خیانەت لە میللەت و نیشتمانەکەی بکات، ھەرگیز ھیچ کەس باوەڕی پێ ناکات، تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاری دێنن، کە بەرژەوەندییان نەما و كاریان پێی نەما، ئیتر لە ھەر کات و ساتێکدا دەستبەرداریان دەبن و فڕێیان دەدەن. بە نموونە، بینیتان چۆن كڕیارەكانی كەركووك زۆر بەئاسانی دەستبەرداری یەكێتی و بەرھەم ساڵح بوون.