موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی:
ماوەی چەند ڕۆژێكە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، كار لە سەر بە ئەلیكترۆنی بانگدانی مزگەوتەكان دەكرێت، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆرانیش زانیاری بۆ زاری كرمانجی دەخاتەڕوو و دەڵێت:” پڕۆژەكە بیرۆكەی وەزارەتی ئەوقافە و گرفتی شەرعی نییە و لیژنەی باڵای فەتوا بڕیاری لێداوە،
د.پشتیوان سرێشمەیی، بەڕێوەبەری ئەوقافی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت:” بەردەوام لە مزگەوتەكان گرفتی جیاوازی كاتی بانگدان هەبوو، لە هەمان كات كەسانی دەنگ ناخۆش بانگیان دەدا، ئەمش وای كرد ناڕەزای لێبكەوێتەوە و وەزارەتی ئەوقاف بیر لەو پڕۆژەیە بكاتەوە كە بێگومان هەموو ئەو كێشانە چارەسەر دەكات .
بەڕێوەبەری ئەوقافی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت:” لە ئێستادا،سەرقاڵی یەكخستنی بانگین لە هەموو مزگەوتەكان، چیتر كێشەی كاتی جیاوازی بانگدان و كێشەی دەنگ ناخۆشی بانگدەر نامێنێت، سەرەتا لەناو سەنتەری سۆران دەستی پێكردووە، دوای سۆران لە قەزای سیدەكانیش دەستی پێكراوە و لە هەموو قەزاكان ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ دەكرێت .
بەڕێوەبەری ئەوقافی ئیدارەی سۆران، دەڵێت:” هەرچەندە پێی دەوترێت “بانگدانی ئەلیكترۆنی”، بەڵام ئەلیكترۆنی نییە و ڕاستەوخۆ لە رێگەی ستۆدیۆوە بانگ دەدرێت و ئەو بانگە لە ڕێگەی ئامێرێكەوە دەگوازرێتەوە بۆ هەموو مزگەوتەكان.
د.پشتیوان سرێشمەیی روونیكردەوە، لە هەر پارێزگایەك و ئیدارە سەربەخۆكان ستۆدیۆیەك دادەنرێت و لە ڕێگەی ئامێرێكەوە هەموو مزگەوتەكانی پێوە دەبەسترێتەوە، لەگەڵ هەر كاتێكی بانگدان، لەو ستۆدیۆیەوە كەسێكی دەنگخۆش كە دیاریكراوە بانگ دەدات و هەمان دەنگ لە هەمان كاتدا بۆ هەموو مزگەوتەكان پەخش دەبێت.