زاری كرمانجی :
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنانی دەیان مووشەكی كاتیۆشای ئاراستەی ناوچەی بەیت هیلەلی باكووری ئیسرائیل كردووە. لەلایەن سوپای ئیسرائیل، بەرپەرچی هێرشە مووشەكیەكان درایەوە .
بەگوێرەی راگەیێندراوێكی حیزبوڵڵا، ئەم هێرشەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (یەكشەممە، 4-8-2024) لە تۆڵەی كوشتنی فوئاد شوكر، كەسایەتیی دووەمی بزووتنەوەكەدا نەبووە، بەڵكو لە بەرامبەر هێرشەكانی ئیسرائیل بووە بۆ سەر كەفەركەلا و دێرسیریان لە باشووری لوبنان، كە تێیدا ژمارەیەك كەسی سڤیل بریندارببوون.
بەپێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی، لەو هێرشە مووشەكیانەی حیزبوڵڵای لوبنانی هیچ زیانی گیانی بەدواوە نەبووە و مووشەكەكان لە ئاسمان تەقێنراونەتەوە .
مووشەكبارانەكە لەكاتێكدا دێت؛ ناوچەكە لەبەردەم ئەگەری هێرشی ئێران و حیزبوڵڵایە بۆ سەر ئیسرائیل، كە دەیانەوێت تۆڵەی كوژرانی فوئاد شوكر و ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی حەماسی فەلەستینی بكەنەوە.
گرووپە چەكدارەكانی لایەنگری ئێران خزاونەتە نێو جەنگ و بە گوتەی خۆیان دژی هێرشەكانی ئیسرائیل، بەرگری لە كەرتی غەززەی فەلەستین دەكەن. جەنگەكە ماوەی نزیكەی 10 مانگە بەردەوامە.