شەهلا ڕەشید- سۆران:
بۆ پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” شیری دایك جگە لە دابینكردنی هەموو ئەو ڤیتامین و ماددە خۆراكییانەی كە منداڵ لە شەش مانگی یەكەمی تەمەنیدا پێویستی پێیەتی، ئەوا لە هەموو جۆرە نەخۆشییەكانیش دەیپارێزێت، بۆیە داوا لە دایكان دەكەم منداڵان لە خواردنی شیرپێدانی خۆیان دوورمەخەنەوە.
د. محەمەد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” شیری دایك، بەرگری جەستەی منداڵ بەهێز دەكات، دەیپارێزێت لە تووشبوون بە هەموو هەوكردنێك، چاو بەهێز دەكات و مەترسییەكانی سەر تۆڕی چاو لەناو دەبات، تووشبوون بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجەی خوێن، شەكرە و قۆڵۆن، كەم دەكاتەوە، منداڵان كەمتر تووشی حاڵەتەكانی قسە نەكردن دەبن، هەروەها باشترین چارەسەرە بۆ منداڵانی لاواز.
ئاشكراشیكرد” شیری دایك لە كاتە جیاوازاەكانیشدا ماددەی بەسوود و ئارامكەرەوەی تێدایە، شەوانە كاتێك منداڵ دەیخوات جۆرە ماددەیكی تایبەتی هەیە كە هێوركەرەوەیە، هەروەها شیرەكە زستانان گەرمە و هاوینانیش ساردە، پێكهاتە ماددەكانشیی یارمەتی زیادبوونی كێش دەدات، بەپێی پێویستی منداڵەكە.