سۆلاف عادل – زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی تەرمی كۆچبەرانی بەلەمە نقومبووەكەی كەناراوەكانی ئیتاڵیا دەگەڕێنرێنەوە هەرێمی كوردستان و هەماهەنگی كراوە بۆ ئاسانكاری كردن بۆ كەسوكاری قوربانییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بۆ بردنەوەی تەرمەكان بۆ زێدی خۆیان.
لەسەر ئەركی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم شەو تەرمی 13 كۆچبەری كورد كە 8یان خەڵكی هەرێمی كوردستانن و 5ی دیكەیان خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن، لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێنرانەوە هەولێر.
لەلایەن خۆیەوە، ڕێزان حەمەساڵح، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیتاڵیا، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ڕایگەیاند: ئەم شەو تەرمی 13 كۆچبەری كورد دەگەڕێنرێنەوە هەرێمی كوردستان و ڕایگەیاند: تا ئێستا تەرمی 36 كۆچبەری بەلەمە نقومبووەكەی ئیتاڵیا دۆزراونەتەوە.