تاتۆ هۆكارە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی لیمفەڕژینەكان
شەهلا ڕەشید- سۆران:
تەمەنی تاتۆكردن تەنها لە سەردەمی ئێستادا سنووردار نییە و لە ڕابردووشدا بۆ نیشاندانی بیروباوەڕ و پەیوەندییە كولتوورییەكان بەكاردەهێنرا، تەنانەت لای یۆنانیەكان بۆ نیشانەكردنی كۆیلەكان بەكاردەهێنا و لە ئەمریكای باشووریش هێمای دەسەڵات و شانازی بوو، هەروەها لە ئێستاشدا خەڵكێكی زۆر تاتۆ دەكەن تایبەت ئەوانەی كە لە بواری هونەریدان، بەڵام ئەو پرسەی بۆ ئێمە گرنگە باسكردنی مەترسییەكانی تاتۆكردنە.
توێژینەوەیەك لەلایەن زانایانی زانكۆی لۆند لە سوید ئەنجامدراوە و تێیدا هاتووە” ئەو كەسانەی تاتۆ لەسەر جەستەیان دروست دەكەن، مەترسیی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی لیمفەڕژێنەكان بە ڕێژەی %21 زیاترە، قەبارەی تاتۆوەكە چەند گەورەتر بێت مەترسییەكە زیاتر دەبێت، كریستڵ نیلسن، نووسەری سەرەكی توێژینەوەكەیە، دەڵێت” هەندێك كەس حەز دەكەن بە تاتۆ گوزارشت لە ئارەزووەكانیان بكەن، بەڵام دەبێ بزانن ئایا ئەمە كارێكی تەندروستە یاخود نا؟
لەم توێژینەوەیەدا ئاماژە بەوەشكرا” لە توێژینەوەكەدا 11 هەزار و 905 كەس بەشدارییان كردووە، بە گووتەی زانایان ئەوان پێویستییان بە توێژینەوەی زیاترە بۆ گەیشتن بە ئەنجامی وردتر.