شەهلا ڕەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی زانستی خۆراك، دەڵێت” ئایا قەلەقی و سترێس، دەبنە هۆی قەڵەوی یاخود لاوازی؟ ئەمە پرسیاری زۆرێك لە خەڵكە، لەم بابەتەدا وڵامی ئەم پرسیار دەدەینەوە و چەند زانیارییەكیش دەخەینەڕوو.
د. كامەران ڕەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراك، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” قەلەقی و سترێسی بەردەوام كاریگەرن لە سەر كێشی مرۆڤ، بەڵام دەرئەنجامەكەی لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێت بە گوێرەی ئیشتهای خواردن، پێكهاتەی جەستە، كێش و باڵا، هۆكاری بۆماوەیی، كاردانەوە، شێوازی مامەڵەكردن و بیركردنەوەیان لەگەڵ بارودۆخ و دەورووبەر، هەروەها سترێس و قەلەقی دەبنە هۆی لاوازی لەو كەسانەی كێشییان كەمە، بەڵام هۆكارن بۆ زیادبوونی كێشی لەشی ئەوانەی كۆمەڵێك گرفتی تێكچوونی خۆراكیان هەیە و بۆ كەمكردنەوە یا ڕاكردن لە قەلەقی پەنا دەبنە بەر خواردن .
ئاشكراشیكرد” لە كاتی دڵەڕاوكێ و سترێس یەكەم جار هۆرمۆنی ئەدریناڵین دەڕێژرێت كە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئەنسولێن و لێدانی زیاتری دڵ، دوای دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی ئەدرینالین، هۆرمۆنی كۆرتێزوڵ دەرێژرێت ئەمەش هانی زۆرتر بەرزبوونەوەی ئاستی ئەنسۆلین دەدات كە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی شەكرە لە خوێن و حەزێكی زۆر بۆ خواردنی شیرنی لە هەمان كات دا كەمكردنەوەی ڕێژەی سووتانی چەوری و زۆری كێش، بەڵام لە كەسانی لاوازدا بەرزی ئەدرینالین دەبێتە هۆی زەحمەت قووتدانی خواردن و گرژبوونی ماسوولكەكانی گەددە و دڵ، هەروەها تێكچوونی ڕێڕەوی (H-P-A-A) لە ناو جەستە كە بەرپرسیارە لە ڕێژە و كاركردنی كۆمەڵێك هۆرمۆنی گرنگ.