زاری كرمانجی-سۆران:
بەرەبەیانی رۆژی 3-8-2014، جیهان بە ناڵە و هاواری ژنان و منداڵانی ئێزدییەكانی ناوچەكانی شنگال بە ئاگا هاتن، ئەو بەرەبەیانەی چەكدارانی داعش فەتوای قڕكردن و داگیركردن و كوشتن و بە كەنیزەككردنی ئێزدییەكانیان دەستپێكرد و حەفتا و سێیەمین فەرمانیان بەسەردا جێبەجێكردن.
دە ساڵ بەسەر ئەو كارەساتە گەورەیەدا تێپەڕیووە و هێشتا چارەنووسی هەزاران ئێزدی رفینراو و بەسەبیكراو دیارنییە و برینەكانی ئەو كارەساتە هێشتا خوێنیان لێ دەچۆڕێ.
رۆژی 3-8-2014 شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری لە لایەن چەكدارانی داعشەوە هێرشی كرایەسەر و بەهۆی ئەو بۆشاییە سەربازییەی سوپای عێراق لە ناوچەكەدا جێیهێشتبوو، توانییان بە ماوەیەكی كەم ناوچەكە داگیر بكەن و هەزاران ژن و منداڵ و پیاوانی ئێزدی رووبەڕووی مەرگ و ئاوارەبوون بكەنەوە و بەشێكی زۆری ئەو خەڵكە لە ترسی شمشیر و نێزەی ئەو چەكدارانە روویانكردە چیای شنگال و لە هەر چوار لاوە بەو گەرمایە گەمارۆدران و بێ ئاو و خواردن مانەوە و چەندین كەس بەهۆی تینوێتی و برسێتی و نەخۆشی لە رۆژەكانی یەكەمدا گیانیان لە دەستدا.
لەو هەڵمەتە بەرنامە بۆ داڕێژراوەی چەكدارانی داعشدا بۆ سەر ناوچە ئێزدینشینەكان، كە عەرەبەكانی گوندەكانی دەوروبەری شنگالیش رۆڵی سەرەكیان تێدا هەبوو.
لە دوایین ئاماردا نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی ئامارێكی نوێی قوربانیان و رزگاركراوانی ئێزدی بڵاو كردەوە و رایگەیاند: “هێشتا هەزاران كوردی ئێزدی بێسەر و شوێن و ئاوارەن.