هونەری شێوەكاری ناساندنی ژیانە بەشێوە و رەنگە جوانیەكانییەوە
شەهلا رەشید- بارزان:
سابر ساڵح، كە ناسراوە بە سابر ئاڵكەیی شێوەكار، لە دیمانەیەكی زاری كرمانجی دا باسی كارەكەی دەكات، كە چۆن و لە ساڵی چەند دەستی پێكردووە، ئەو دەڵێت” تەمەنم هەشت ساڵان بوو كاتێك هەستم كرد كە ئەو بەهرەیەم هەیە، بەگشتی لە ساڵی 1999 بە تەواوی چوومە نێو ئەم كارە و تێكەڵ بە رەنگەكان بووم.
ئاڵكەیی، دەشڵێ:” برایەكم بەناوی تاڵیب زۆر هاوكار و هاندەرم بووە، هەر كات شێوەیەكم دەكێشا پرسم پێ دەكرد و رای ئەوم وەردەگرت، چونكە ئەو كات شێوەكاری و نیگار كێشان زۆر باو نەبوو هەندێكجار هەر شەرمم دەكرد بپرسم.
ئەو زیاتر باسی كارەكەی كرد و گوتی:” هونەرەكەم زیاتر گوزارشتە بۆ سروشت و ژینگەپارێزی، وەك خۆت بژی ژیان زۆر ئاسانە ئەگەر دڵ و دەروونت وەك ئەم سروشتە پاك و خاوێن بێت، ئەو كاتە كەسێكی سەركەوتوو دەبێت، هەربۆیە لە هونەرەكەمدا سروشتم هەڵبژارد، چونكە كاتێ مرۆڤ دەچێتە ناو سروشت و دۆڵ و نزیك رووبارەكان، هەناسەیەكی قۆڵ هەڵدەمژێت دڵ و دەروونی ئارام دەبێت و هەست بە ئازادی دەكات.
ئەم شێوەكارە سەبارەت بە كردنەوەی پێشانگاكان و ئەو پلانەی كە لە داهاتوودا هەیە، ئاشكرای كرد” تا ئێستا پێنج پێشانگام كردوونەتەوە، سێ لە دەڤەری بارزان، یەكێكیش لە دهۆك، ئەوەی دیكەش لە شێلادزێ، لەبارەی ئەو پلانەی كە بۆ داهاتوو هەمە، ئەوا زۆری دەخایەنێت تا بتوانم هەموو پلانەكانم بگەینمە ئامانج، قەیرانی دارایی هۆكارە، بەڵام لەوە گرنگتر پاڵپشتییە كە ئەویش لێرە نییە و زۆر گرنگی پێ نادرێت، چونكە هونەری شێوەكاری پێویستی بە پاڵپشتی هەیە، چەندەها شێوەكاری بەتوانامان هەیە، كردنەوەی پێشانگاكان كەمن، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پشتگوێ خراوە و وەك پێویست گرنگی پێ نادرێت، هەموو ئەوانە پرسیارن كە بۆچی گرنگی پێ نادرێت، چونكە هونەری شێوەكاری ناساندنی ژیانە بەشێوە و رەنگە جوانەكانییەوە، كاتێ كەسانی شێوەكار بە قەلەمەكەی شێوە دروست دەكات و رەنگی دەكات ئەوا ژیان و ناخی خۆی و هەموو جیهان بەرجەستە دەكات، خونەرێكی ئەوەندە ئاسان نییە بە سادەی لێی دەرباز ببێت، بۆیە پێویستە پڕۆگرامێكی پۆخت لەسەر هونەری شێوەكاری بكرێت، ئەمە لە باسێكی كورت یاخود بە گۆشەیەكی نووسین تەواو نابێت”.