حەسەن کەریم- سۆران :
لە میانەی بەشداریکردنی لە پڕۆگرامی هۆشیاری رادیۆی زاری کرمانجی، بەڕێوەبەری بەشی هونەری لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران، هاتە سەر باسی بەنزینخانەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و گوتی” لەرووی شوێنەوە بەشێک لە بەنزینخانەکانی سۆران نزیکن لە دام و دەزگا و ماڵانەوە ئەوەش گونجاو نییە.
مقەدەم شوان خالید حەسەن، بەڕێوەبەری بەشی هونەری لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران و سەرۆکی لیژنەی لاوەکی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند ” بەشێک لە بەنزینخانەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران شوێنەکانیان گونجاو نین و نزیکن لە ماڵ و قوتابخانەکان و شوێنە قەرەباڵخەکان”.
بەڕێوەبەری بەشی هونەری بەرگری شارستانی سۆران ئاماژەی بەوەشکرد” ئەو جۆرە بەنزینخانانە زۆر جارلەلایەن لێژنەکانەوە کارەکانیان ڕاگیراوەو داخراون یان ڕێنمایی کراون تاوەکو مەرجەکانی سەلامەتی و بەرگری شارستانی بەتەواوەتی جێ بەجێ بکەن ئینجا ڕێگە پێدانیان بۆ کراوە بۆ کارکردن.
بەپێی بەدواداچوونەکانی زاری کرمانجی لە کۆی ٤٠ بەنزینخانە تەنها ٧ یان خەزانەکانیان لە ژێر زەویدایەو بەدروستی مەرجەکانی سەلامەتیان تێدایە.