مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كەتائیبی حزبوڵڵای عێراق ڕاگەیاند كە چەند شارەزایەكی درۆنی ئەوان، لەلایەن درۆنی ئەمەریكی كراونەتە ئامانج.
شەوی ڕابردوو دوو یەكەی لیوای 47ی حەشدی شەعبی لە بابل لە ڕێگەی درۆنەوە بۆردوومان كران، كەتائیبی حزبوڵڵای عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا ئەمەریكای تۆمەتبار كرد بە هێرشكردنە سەر هێزەكانیان لە بابل و ڕاگەیاند “درۆنێكی ئەمریكی كە لە بنكەیەكی كوەیتەوە فڕیوە، چەند شارەزایەكی درۆنی چاودێریی ئێمەی كردووەتە ئامانج، كاتێك سەرقاڵی ئەزموون كردنی تەكنۆلۆژیای نوێی درۆنی چاودێری بوون، بۆ بەرزكردنەوەی ئاستیان لە چاودێریكردنی سنووری كەربەلا و ڕێگە دەرەكییەكانی لەپێناو بەشداریكردن لە پاڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە پاراستنی زیارەتكرانی چلەی ئیمام حوسێن.”
دەشڵێت “لەو بۆردوومانەدا چوار چەكدارمان كوژراون.”
كەتائیبی حزبوڵڵای عێراق ئاشكراشی دەكات كە هێرشەكە بێ وەڵام نابێت و بە ڕاوێژ لەگەڵ لایەنەكانی موقاوەمە بڕیاری پێویست دەدەین.