زاری كرمانجی :
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند:” لە ساڵڤەگەڕی جێنۆسایدكردنی بارزانییەكان، بە ڕێز و شكۆوە یادی هەموو قوربانییانی ئەو شاڵاوە ڕەگەزپەرستانەیە دەكەینەوە كە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، ڕووبەڕووی هۆڤانەترین تاوانی پاكتاوكردن بوونەوە كە دەستپێكێك بوو بۆ شاڵاوەكانی دیكەی ئەنفال لە ناوچەكانی گەرمیان و بادینان و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و كۆمەڵكوژیی ناوچەكانی دیكەی كوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ساڵیادی جینۆسایدی بارزانییەكان، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بڵاوكردەوە و دووپاتی كردەوە، دەڤەری بارزان هەمیشە مەڵبەندی شۆڕش و ڕاپەڕین و تێكۆشان بووە لە پێناو بەرگریكردن لە مافەكانی گەلی كوردستان، بۆیە دووچاری چەندین شاڵاوی وێرانكردن و سووتاندن و كۆمەڵكوژی بووەتەوە، بەڵام دوژمنان هەرگیز نەیانتوانیوە گیانی خۆڕاگری و خواست و ویستی ئازادیخوازانەی خەڵكەكەی لەناوببەن. تا ئەمڕۆش دەڤەری بارزان، ناوەند و مەكۆی داكۆكیكردنە لە ماف و داخوازییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی گەلی كوردستان.
مەسرور بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆ ودانوستانەكانیدا لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، هەمیشە پێداگرە لەسەر ئەوەی دەبێت بنەماڵە و كەسوكاری قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە شێوەیەكی شایستە، قەرەبووی ماددی و مەعنەویی بكرێنەوە.
لەم بۆنە خەمناكەدا، ڕێز و پێزانینمان بۆ خەڵكی كوردستان بە گشتی و خەڵكی هەولێر و دەوروبەری بەتایبەتی هەیە كە جوامێرانە بە هانای كەسوكاری لێقەوماوی بارزانییەكانەوە چوون و هاوكاریان كردن. سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەنفالكراوی بارزانییەكان و سەرجەم شەهیدانی كوردستان دادەنوێنین و هەمیشە لەیادمانن.
































































