مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بزووتنەوەی حەماس كوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەكەی لە تارانی پایتەختی ئێران ڕاگەیاند و وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت “خوێنی هەنیە بەخۆڕایی ناڕوات.”
دوێنێ هەنیە لە ڕێوڕەسمی دەستبەكاربوونی سەرۆك كۆماری نوێی ئێران بەشداری كرد و دواتریش لەگەڵ سەرۆككۆماری ئێران دەستیان خستە نێو دەستی یەكتر و پەنجەی سەركەوتنیان بەرز كردووە، ئەمە دوا وێنەی یادگاری هەنیە بوو لەگەڵ كاربەدەستانی ئێران.
كاتژمێر .. : 2ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شوێنێكی نیشتەجێبوونی تایبەت بە سەرباز و شەڕكەرە دێرینەكاندا لە باكووری ئێران بە مووشەك كرایە ئامانج و خۆی و پاسەوانێكی تایبەتی كوژران.
بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە ڕاگەیاندراوێكدا، كوژرانی هەنیەی لە تارانی پایتەختی ئێران ڕاگەیاند و گوتی “ئەوانەی لە ڕێگای خودا دا كوژراون بە مردوو مەزانن، بەڵكوو بە زیندوویی و ڕزق و ڕۆزی لەلایەن پەروەردگارەوە بزانن.”
میدیاكانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس بڵاویان كردەوە “كوشتنی ئیسماعیل هەنیە لەڕێی درۆنەوە بووە و ڕاستەوخۆ بە مووشەك جەستەی بە ئامانج گیراوە.”
هاوكات سوپای پاسدارانی ئێران ڕاگەیاندراوێكی لەسەر كوژرانی هەنیە بڵاو كردەوە و ڕاگەیاند “لە ڕەهەندەكانی ڕووداوی شەهیدبوونی هەنیە لە تاران دەكۆڵینەوە و دواتر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ڕادەگەیەنین.”
لەگەڵ ئەوەشدا ئاژانسەكانی ئێران ئاشكرایان كردووە كە ئەو مووشەكەی ئاراستەی هەنیە كراوە لە ناو خاكی ئێران نەبووە، بەڵكوو لە دەوڵەتێكی دیكەوە ئاراستەكراوە.
دوای كوژرانی هەنیە، عەمیحای ئیلیاهو، وەزیری كولتووری ئیسرائیل ڕاگەیاند “كوشتنی ئیسماعیل هەنیە وا دەكات جیهان كەمێك باشتر بێت، ئەمە ڕێگایەكی دروستە بۆ پاككردنەوەی جیهان.”
هاوكات كۆنگرێسمانێكی كۆمارییەكانی ئەمریكا بە تەنزەوە دەڵێ “تەنانەت سوپای پاسدارانیش نەیتوانی ئیسماعیل هەنیە بپارێزێت.”
مایلك والتز، كۆنگرێسمانی كۆمارییەكانی ئەمریكا دەشڵێت كە زانیاریی تەواویان لە بارەی كوشتنی هەنیە هەیە.
دوێنێ سێشەممە 30ی 7ی 2024، ڕێوڕەسمی سوێند خواردنی مەسعوود پزیشكیان، وەكو سەرۆككۆماری ئێران لە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە بە بەشداری نوێنەرانی 80 وڵات بەڕێوەچوو، ئیسماعیل هەنیەش یەكێك بوو لە بەشداربووان.