د. ئازا کامەران – زاری کرمانجی:
وەرزش ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە نێوان وڵاتانی جیهان و هۆکارە بۆ باشتر بوونی پەیوەندییەکان و نزیکبوونەوەی میللەتان لە یەکتر و گۆڕینەوەو ئاشنابوونە بە کەلتووری وڵاتان، هەروەك سەرۆك بارزانی لە وتەیەكیدا دەڵێت : ڕۆڵی وەرزش هیچی لە سیاسەت کەمتر نییە بۆ ناساندنی میللەتی کورد بە جیهان
لە وەرزش زۆرجار بەهێزی ئینتیما و ناسنامەی نیشتمانی وا لە یاریزانان دەکات لە کاتی گوێبیستبوون بە سروودی نیشتیمانی و هەڵگرتنی ئاڵای هەرێم و وڵاتەکەی هەست بە شانازی بکات و یاریزانەکان لە پەرۆشی و خۆشەویستییان بۆ خاک و وڵات لەگەڵ سروودی نیشتیمانی دەگرین و گیانی فیداکاری و هاندانی زیاتریان پێ دەدات و دەبەخشێت لە پێشبڕکێ و یارییە وەرزشییەکان.
ئەوەی جێگای بایەخە لەم یەک دوو ڕۆژەی ڕابردوو چەندین کوڕە کورد لە شاری سۆران بە جلی کوردی و ئاڵای پیرۆزی کوردستان و گۆرانی کوردی بەشدارییان کردووە لە پاڵەوانییەتی وڵاتانی کۆریای باشوور و ئیماڕات و بەریتانیا، خۆشبەختانە پلەی یەکەم و مێداڵیای زێڕ و سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە.
کارێکی باشە کە هەرێمی کوردستان گرنگی زیاتر بە ڕۆڵی وەرزش و هونەر بدات بۆ ناساندنی میللەتی کورد بە وڵاتانی جیهان، بەم ئاراستە کارکردنە بە دڵنیاییەوە لە داهاتوو لۆبییەکی بەهێز دروست دەبێت بۆ پشتگیری و سەپۆرتی هەرێمی کوردستان لە پێناو هێنانەدی خەونەکانی.