بنەماڵەی یەکێک لە قوربانییەکانی دەستی کۆماندۆی یەکێتی: بۆ ئەوەی کەیسەکەمان بە سیاسی نەکرێت، سکاڵامان دەبەینە بەغدا
دوای بێ هیوابوون لە وەرگرتنەوەی مافی خۆیان، بنەماڵەیەك كە كوڕەکەیان بە دەستی چەكدارێكی كۆماندۆ كوژراوە، بڕیاریانداوە سكاڵاكەیان ببەنە بەغدا.
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا چەند هاووڵاتییەک بەدەستی چەكدارانی كۆماندۆ بوونەتە قوربانی، بەشێكیان ئاماژەیان بەوەكردووە، كە كەیسەكەیان هیچ پێشچوونێكی نییەو هەڕەشەشیان لەسەرە، بۆیە یەكێك لەو بنەماڵانە دەڵێن: ”سكاڵای خۆمان دەبەینە بەغدا.” ئەمڕِۆ سێشەممە 30ـی تەمووزی ٢٠٢٤، سەرچاوەیەكی نزیك لە بنەماڵەی یەكێك لە قوربانییەكان، بۆ ماڵپەڕی “وشە”ـی قسەی كردووە و ئاماژەی بەوە داوە ” زۆر چاوەڕێمان كرد دۆسیەكەمان بكەوێتە چوارچێوەی یاسا، بەڵام ئێَستە تێگەیشتین دوای ئەو هەموو ماوە زۆرە مافی خۆمان بۆ وەرناگیرێتەوە.
زیاتر گوتی: ”بڕیارمان داوە دۆسیەكەمان بگوازینەوە بۆ بەغدا، لە یەكێك لە دادگاكانی ئەو شارە لەڕێی پارێزەرەكەمان سكاڵا تۆمار دەكەین و بەڵگەی تەواویشمان هەیە.
لەبارەی هۆكاری نەگواستنەوەی سكاڵاكە بۆ هەولێر رایگەیاند: ”ئێمە بڕوامان بە دادگای هەولێر هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی كەیسەكەمان لەڕێی میدیاكانەوە نەكرێت بە سیاسی، بۆیە دەیگوازینەوە بۆ بەغداو ئیتر سكاڵای خۆمان بە فەرمی تۆمار دەكەین”.
دوێنێ دووشەممە، شادمان ئەبوبەكر، هاوسەری كەسایەتیی ناسراوی سلێمانی وەستا حەسەن كەبابچی، كە بنەماڵەكەی ئەوانیش قوربانی دەستی كۆماندۆن، گووتی: ”ئەفسەرێكی كۆماندۆ لە بەرچاوی خەڵك كوڕەكەمی كوشت، بەرپرسیاریەتی گیانمان لە ئەستۆی هێزی كۆماندۆی یەكێتیدایەو ئەوان رووبەڕووی بەرپرسیارییەتی دەبنەوە لەوەی ئەنجام دراوە”. هەروەها دەڵیت: ”ئێمە سەر بۆ هیچ كەس و لایەنێك شۆڕ ناكەین و لە مافی كوڕی خۆمان خۆش نابین، هێزی كۆماندۆ بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی ئەو كارانە دەكات.”

































































