شەهلا ڕەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی زانستی خۆراك، ئاماژە بە گرنگترین ڤیتامینەكان دەكات بۆ ئەو كەسانەی بەردەوام بێهێز و شەكەتن، دەشڵێت” ئەم ڤیتامینانە تەواوكەری خۆرك و كانزاكانن.
د. كامەران ڕەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراك، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” ئەوانەی بەردەوام بێهیز و ماندوون، سەرنج بخەنە سەر ئەو ڤیتامینانەی لەم بابەتەدا ئاماژەیان پێدەكەین، هەروەها تەواوكەری خۆراك و كانزاكان كە چالاكی جەستە زیاد دەكەن و ماندووبوونیش كەمتر دەكەنەوە.
گرنگترین ڤیتامینەكان بریتین لەمانە:
1-كۆمەڵەی ڤیتامین ( B )ییەكان:
-ڤیتامین (B1) ڕۆڵێكی سەرەكیی هەیە بۆ وەرگرتنی وزە لە كاربۆهیدراتەوە لەلایەن خانەكانی لەشەوە، گرنگترین سەرچاوەكانی خۆراكیش پاقلەمەنییەكان، شوفان و دانەوێڵە تەواوەكان.
-(B2) گرنگە بۆ وەرگرتنی وزە لە پڕۆتین و چەوری بەتایبەت خانەكانی دڵ و ماسوولكەكان، گرنگترین خۆراكەكانیش سپێناح، سۆیا، چەوەندەر، هێلكە، گۆشتی قەل و جگەری ئاژەڵ.
-(B3) هۆكاری یاریدەدەری پێكهێنانی زیاتر لە 200 ئەنزیمی گرنگ و یارمەتی پێكهاتەی هۆرمۆنەكان دەدات بەتایبەت غوودەی دەرەقی، سەرچاوە خۆراكییەكانیش بریتین لە گۆشتی سوور و پەلەوەر، ماسی و برنجی بۆر.
-(B6)زۆر گرنگە بۆ گۆڕینی ماددەی گلایكۆجینی خەزنكراو لەناو جگەر و ماسولكەكان بۆ وزە، خۆراكەكان وەك سپێناخ، مۆز، گوڵەبەڕۆژە، ماسی سەلموون و قووتوونراو، گۆشتی مانگا و پەتاتەی شیرین.
- ( B 12 ) ڕۆڵێكی كارای هەیە بۆ دەستهێنانی وزە لە خۆراك و هەروەها كەمی دەبێتە هۆی كەمخوێنی، سەرچاوەكانی خۆراكەكەی گۆشتی سوور، ماسی و بەرهەمەكانی شیر.
2-ڤیتامین C دژە ئۆكسانێكی گرنگە و یارمەتی خۆپاراستن و زوو چاكبوونەوە دەدات لە بێهێزی و هیلاكی دوای پەتا و هەڵامەت و نەخۆشی، گرنگترین سەرچاوەكانی خۆراكیشی بریتین لە میوە مزرەمەنییەكان، هەڵوژە، شلیك و بیبەر.
3-ڤیتامین D كەمی هۆكارە بۆ شەكەت بوون، هیلاكی و تەشەنووجی ماسوولكەكان، سەرچاوەكەی لە خۆراكدا بڕێكی زۆر كەم هەیە جگە لە زەیتی جگەری نەهەنگ و ماسییە چەورییەكانی وەك سەلموون و ماكڕوێل، بۆیە سەرچاوەی گرنگی بەركەوتنی تیشكی خۆرە لە نێوان كاتژمێر 10ی بەیانی بۆ 4ی ئێوارەیە.
هەروەها ئەم پزیشكە پسپۆڕە ئاشكراشیكرد” گرنگترین تەواوكەرە خۆراكییەكان و كانزاكانیش بریتین لە كریاتین، ئەنزیمی q10، ئۆمێگا3، مەگنیسیۆم و ئاسن.