مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرۆكی میسر لە كۆبوونەوەیەكی كراوەدا لەگەڵ كۆمەڵێك گەنج لە نەتەوە جیاوازەكان لە سەرانسەری جیهان، لە وەڵامی پرسیاری كچێكی كورد كاتێك لە بارەی ناسنامە و دداننەنان بە مافەكانی كورد پرسیاری لێ دەكات، دەڵێ “نە لە ڕابردوو و نە ئێستا و نە لە داهاتووش كەس ناتوانێت ناسنامەی كورد بسڕێتەوە.”
كچێكی كورد لە كۆبوونەوەیەكی كراوەی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر لەگەڵ كۆمەڵێك گەنجی نەتەوە جیاوازەكانی جیهان، پرسیارێك لە بارەی نەتەوەی كورد و سڕینەوەی ناسنامە و و ململانێكان و دداننان بە دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان ئاراستەی سیسی دەكات و ئەویش لە دەستپێكی وەڵامەكەیدا دەڵێ “كەس ناتوانێت ناسنامەی كورد بسڕێتەوە،”
سەرۆكی میسر درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێ “دابەشبوونی كوردستان لە ماوەی هەشتا ساڵی ڕابردوو بە سەر توركیا و سووریا و عێراق و ئێران، ئازار بەخشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كەس نەیتوانی ناسنامەی كورد بسڕێتەوە، ئەوەتا تۆ ئێستا لەمبارەوە قسەمان بۆ دەكەیت.”
دەشڵێت “هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت ناسنامەی كورد بسڕێتەوە، زمان و دابونەریت و ڕۆشنبیریی كوردان بە دەوڵەمەندی ماوەتەوە و، ئەگەرچی جەنگ لە ماوەی 60 ساڵی ڕابردوو، گەلی كوردی دوا خست لە گەیشتن بە مافەكانی، بەڵام ئێستاش بە هەوڵدان بۆ بنیاتنانی تواناكان و لێهاتوویی و خوێندن و تەندروستی، دەتوانرێت ڕابردوو قەرەبوو بكرێتەوە.”
































































