زاری كرمانجی – سۆران :
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕادەگەیەنێت “سەرەتایی هەفتەی داهاتوو مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەكان و هێزەكانی پێشمەرگە ڕەوانەی هەرێم دەكرێت”.
د. خەلیل غازی دۆسكی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە واڵەكەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، بڵاوی كردەوە دوێنێ سەردانی مەسعوود حەیدەر بریكاری وەزارەتی دارایی عێراقی كردووە و چەند پرسێكی تایبەت بە داراییان تاوتوێ كردووە.
دەشڵێت”بەڕێوەبەری ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراقیش لەو كۆبوونەوەیەدا ئامادەبووە و ڕاگەیاند كە مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەفتەی داهاتوو ڕەوانە دەكرێت .”
دۆسكی ئەوەشی خستە ڕوو كە بەڕێوەبەری ژمێریاری و بریكاری وەزارەت جەختیان كردووەتەوە، هەفتەی داهاتوو بەبێ هیچ كێشەیەك، مووچەی تەواوی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە سەربازیی و هێزە ئەمنییەكانیشەوە ڕەوانە دەكرێت.