شەهلا ڕەشید- چۆمان
بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان، دەڵێت” داواكارییەكانمان زووتر دەگەنە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران و زووتریش چارەسەر دەكرێن، ئەمەش بۆتە كارئاسانییەكی باش بۆ ئێمە.
د. ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” دوای دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران، پێداویستی زۆرمان بۆ دابین كراون، ئەو داواكارییانەی كە زەروورن خێراتر وڵام دەدرێنەوە، هەروەها ئامێرە پزیشكییەكانی وەك سۆنەر، ئیكۆی دڵ، ئامێری زەردووی منداڵ (Spiral phototherapy) كە بەرزترین كوالیتیان هەیە بۆمان دابین كراون.
گووتیشی” پێشتر ئەوانەی تووشبووی نەخۆشی گورچیلە بوون بۆ وەرگرتنی چارەسەر هاتووچۆی نەخۆشخانەی ئاشتییان دەكرد و هەندێكیشیان ناچاربوون ماڵەكانیان بگوازنەوە بۆ سۆران و هەر لەوێ بژین، بەڵام دوای كردنەوەی سەنتەری شوشتنی گورچیلە كارئاسانییەكی زۆر باش بوو بۆ تووشبووان و لە ئێستاشدا 8 نەخۆشی گورچیلە لەو سەنتەرە سوودمەندن.
ئاشكراشیكرد” جگە لەوانەی كە ئاماژەمان پێكردن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران، هەوڵدەدات زیاتر كارئاسانیمان بۆ بكات و لە بەرنامەدایە ئامێری CT Scan بۆمان دابین بكرێت و ڕەزامەندی لەسەر دراوە تەنها هەندێك ڕێكارەكان ماون ئەوانیش جێبەجێ دەكرێن، ئەو گرفتەی زۆرجار بۆمان دێتە پێش زیاتر لەڕووی داودەرمانن ئەوانە پێشتریش هەرهەبوونە تەنانەت لە سۆرانیش، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێكردنی هەندێك ڕێكاری بە كۆگا كردن و ساردكەرەوە گەورەكانی تایبەت بە دەرمانەكان.