زاری كرمانجی-سۆران:
کوێستان محەممەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەخنەی لە دامەزراوە ئەمنییەکانی سلێمانی گرت لەسەر ئەوەی تا ئێستا چوار جار وەزیری ناوخۆ نووسراوی ئاراستە کردوون بۆ ئەوەی پاسەوان چاودێری بۆ چاکسازییەکان دابین بکەن، بەڵام فەرمانەکەیان جێبەجێ نەکردووە، تا ئەوەی کچێک لە چاکسازیی ژنان دەرفەتی دەهێنێ و ڕا دەکات.
کوێستان محەممەد، لە نێو چاکسازیی ئافرەتانی سلێمانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چوار جار، لە سەر داواکاریی ئێمە نووسراوی ئاراستە فەرمانگە و دامەزراوە فەرمییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی لە سلێمـانی کردووە بۆ ئەوەی پاسەوان و چادێریی بۆ چاکسازییەکان دابین بکەن، بەڵام جگە لە چاکسازیی گەوران هیچ هێزێکی چاودێریی بۆ چاکسازیی ژنان و منداڵانی سیاسیی دابین نەکراوە.
گوتیشی: بەداخەوە لێرە لە سلێمانی، پابەندی فەرمان و بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ نەبوون و جێبەجێیان نەکردووە. لە کاتێکدا تەنیا لە ناو چاکسازی ژنان 61 سزادراومان هەیە لەگەڵ چوار ڕاگیراو، کەچی 17 هێزی جێبەجێکارمان هەیە، ئەمەش وای کردووە لە دەرەوەی چاکسازییەکە هیچ پاسەوانێک و هێزێکی ئەمنی نەبیت.
سەبارەت بە هەڵاتنی ئەو کچێکی لاو کە چاکسازی ئافرەتانی سلێمانی، ئەوەی هەڵاتووە تەمەنی 17 ساڵانە لەسەر داوای دایکییەوە بە ماددەی 7ی خێزانی لە بەشی ڕاگیراوەکان بووە، چونکە کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی هەبووە. بەڵام لە دوێنێکەوە لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش لە هەوڵ و گەڕانداین، بەڵام نەتوانراوە دەستگیر بکرێتەوە.
گوتیشی: لێژنەی لێکۆڵینەوەمان پێک هێناوە بۆ لێپرسینەوە لە کەمتەرخەمی چاودێرەکان، چونکە نەدەبوو ئەرکەکانیان پشتگوێ بخەن، هەر کەسێک کەمتەرخەم بووبێت بەدڵنیاییەوە سزای توندی دەدەین.
کوێستان محەممەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی جارێکی دیکە داوای لە دامەرزاوە فەرمییەکانی سلێمانی کرد کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆن، بۆ ئەوەی کەمیی ژمارە چاودێرییەکانی چاکسازییەکان پڕ بکەنەوە، چونکە ئەگەر چارە نەکرێت بە دڵنیاییەوە حاڵەتی دیکەی هەڵاتن ڕوو دەداتەوە.