مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیاندراوێكدا دەستگیركردنی چوار كەسی ڕاگەیاند كە كارمەندی كۆمپانیایەكی پەیوەندی و ئینتەرنێت بوونە لە هەولێر.
لە ڕاگەیاندراوەكەی پۆلیسی هەولێر هاتووە “دوای تۆماركردنی سكاڵایەك لە لایەن كۆمپانیایەكی پەیوەندی و ئینتەرنێتەوە بە هەبوونی حاڵەتێكی دزیكردن، توانیمان بە زووترین كات شوێنی تۆمەتباران دەستنیشان بكەین و دەستگیریان بكەین،”
دەشڵێت “تۆمەتباران پێكهاتوون لە چوار كەس بە ناوەكانی (ن. ص. ر) و (ر. ص. ر) و (م. ر. ف) و (م. ٲ. م) كە كارمەندی كۆمپانیاكە بوونە و دانیان بە تاوانەكانیدا ناوە كە هەستاون بە دزینی (كێبل)ی كۆمپانیاكە.”
تۆمەتباران ماوەی هەشت ساڵه كار لەو كۆمپانیایە دەكەن، لە بەرە بەیانییەكی زوو نزیكەی 400 م كێبلیان دزیوە و دواتر بە شەش ملیۆن دینار فرۆشتوویانە .
پۆلیسی هەولێر ئاماژە بەوەش دەكات”لە ئێستادا پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران كراوەتەوە و بە پێ ماددەی (٤٤٣) ڕاگیراون و ڕێكاری یاساییان بەرامبەر دەگرینە بەر.”