زاری كرمانجی -گۆڕەتوو:
لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی ناحیەی گۆڕەتوو ڕێگاوبانەكانی 30 كۆڵان بە گوژمەی ملیارێك و نیو چاك دەكرێن. سەرۆكی شارەوانی سنوورەكەش، دەڵێ، لە داهاتوودا چەند پڕۆژەیەكی دیكەمان دەبێت بۆ ئەو كۆڵانانەی كە ماون.
سەفا عەلی، سەرۆكی شارەوانی ناحیەی گۆڕەتوو، بۆ زاری كرمانجی گوتی: چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری شارەوانی ناحیەی گۆڕەتوو جێبەجێ دەكرێن، كە ئەویش چوار پڕۆژە لە خۆ دەگرێت و بەشێوەی بەلێندەرایەتی جێبەجێ دەكرێن، پڕۆژەكان بریتین لە چاككردنی شەقامی كۆڵانەكان، لەگەڵ دانانی ئاوەڕۆ و قیڕتاوكردنی كۆڵانەكان و دانانی قالبی كربستۆن، گوژمەی هەموو ئەو پڕۆژانەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی ئیدارەی سۆران دابین كراوە كە گوژمەكەی یەك ملیار و نیوە.
سەرۆكی شارەوانی ناحیەی گۆڕەتوو، گوتیشی: یەكێك لەو پڕۆژانە 80% كارەكانی تەواو بووە، دوو پڕۆژەی دیكەش 50% تەواو بوونە و هەوڵدەدەین لە ماوەیەكی نزیكدا پڕۆژەكان تەواو بكەین و بخەینە خزمەت هاووڵاتییان.
سەفا عەلی، سەرۆكی شارەوانی ناحیەی گۆڕەتوو، دەشڵێ: لە داهاتوودا پڕۆژەی دیكەمان دەبێت بۆ هەموو ئەو كۆڵانانەی كە ماون، بۆ ئەو مەبەستە دەرخستەمان ئامادەكردووە، بۆ ئەوەی بتوانین ئەوانیش چاك بكەین، هەر لە ڕێگەی زاری كرمانجی دەمەوێت سوپاسی مەلامستەفا بارزانی بكەم كە زۆر هاوكارە، هەروەها سوپاسی هاوكاری قایمقامی قەزای مێرگەسۆر دەكەم كە بەردەوام هاوكاری ئێمە دەكات بۆ جێبەجێ كردنی ئەو پڕۆژانە.