”دواكەوتنی مووچە بە شێوەیەكی ژیرانە و دیپلۆماسی چارەسەر كرا”
بەختیار سەباح-زاری كرمانجی:
دوای ڕێككەوتنی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێم و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، قەیرانەكانی هەرێم بەرەو چارەسەری تەواوەتی دەڕۆن و لە ئێستادا بودجەی هەرێم بۆ مووچە لەلایەن عێراقەوە دابین دەكرێت و بودجەی بەكاربردن و پڕۆژەكان لە داهاتی ناوخۆی هەرێم دابین دەكرێت.
ڕێبوار بابكەیی، بەرپرسی لقی١٠ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ (بغداد الیوم) دەڵیت: ”حكومەتی ئێستای هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی توانی قەیرانەكان چارەسەر بكات، هەروەها سیاسەتی ژیرانەی حكومەتی ئێستای هەرێم وایكرد، كە ناكۆكییە ئاڵۆزەكانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات، بەتایبەتی لەبواری مووچە و بودجەدا”.
بابكەیی راشیگەیاندووە ”قەیرانی دارایی و دواكەوتنی خەرجكردنی مووچە بە شێوەیەكی ژیرانە و دیپلۆماسی چارەسەركرا، هەرچەندە هەندێك لایەنی سیاسی عێراقی دەیانویست بەربەست بۆ كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكە دابنێن و دەیانویست قەیرانەكە بەردەوام بێت”.
ئاماژەی بەوەشكردووە ”حكومەتی هەرێم هیچ بیانوویەكی بۆ بەغدا نەهێشتەوە، هەر بۆیەش بە حیكمەت و سەبرەوە قەیرانی مووچە چارەسەر كرا و قەیرانەكانی دیكە هەڵوەشێنرانەوە”.
ڕۆژی پێنج شەممە 30ی ئایاری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدای پایتەختی كرد، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ و ژمارەیەك بەرپرسی باڵای حكومەتی فیدڕاڵی، جگە لە كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرس و سەركردەكانی هێزە سیاسییەكان.
ئەو كات حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی بلاوكردەوەو ئاماژەی بەوەكردبوو، ”كۆبوونەوەكانی مەسرور بارزانی لەمیانی سەردانەكەیدا باس لە دوایین پێشهاتەكانی گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی عێراق كراوە، هەروەها جەختكردنەوە لەسەر چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی بەتایبەتی دەستەبەركردنی مووچەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و زامنكردنی ماف و شایستە داراییەكانیان”.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، گفتوگۆكان باسیان لە بەرزكردنەوەی هاوكاری و هەماهەنگی هاوبەشیش كردووە، بۆ دەستەبەركردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان.
هەر لەو كاتەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێم، لەسەر پلاتفۆرمی (ئێكس) بڵاویكردەوە ”ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ دووپاتكردنەوەی مافەكانی خەڵكی كوردستان و چارەسەركردنی ناكۆكی لەڕێگەی دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستوور، دەبێت سەقامگیری و ئابوورییەكی بەهێز لە پێشینەی كارەكانمان بێت”.