”لەناوبردنی هەر جۆرێکی باڵندە، دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی ژینگە”
بەختیار سەباح -چۆمان:
جۆرێکی باڵندە زیانێکی زۆری بە بەرهەمی گوێزی گوندێکی باڵەکایەتی گەیاندوو، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی چۆمانیش دەڵیت: ” ئەوە بە ئافاتی کشتوکاڵی دادەنرێت”.
دڵشاد حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی چۆمان بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند: ” لە گوندی گرتکی سنووری قەزای چۆمان، جۆرێکی باڵندە بەناوی قەڵەباشکە ( قەرەباشکە)، زیانێکی زۆری بە بەرهەمی گوێز گەیاندووە، ئەمەش بە ئافاتی کشتوکاڵی دادەنرێت”.
گووتیشی: ” ئەو باڵندەیە زیانێکی زۆری بە جووتیاران گەیاندووەو دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی گوێز”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەناوبردنی ئەو جۆرە باڵندەیە، لەوانە زیانی زیاتر بێت، چونکە هاوسەنگی ژینگە تێک دەچێت، بۆیە دەبێت بە ڕێگەیەکی میکانیکی و دروستکردنی دەنگ و شێوازی دیکە باڵندەکان دوور بخرێنەوە”.

































































