سەردار قازی ـ سۆران:
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، کاتژمێر 4 ـی ئێوارە، سۆران باوەش بۆ گەورەترین پاڵەوانێتی هونەرە جەنگییەکان دەکاتەوە.
بەبەشداری پاڵەوانانی کوردستان، عێراق و ئێران، پێنجەمین پاڵەوانێتی کانگ فۆ توا، لەسەر ئاستی پیاوان و خانمان دێتە ئەنجامدان.
لەم پاڵەوانێتیە زیاتر لە70 یاریزان لەسەر ئاستی جیاواز کە پێوانەکەی کێشی خودی یاریزانەکەیە بەشدارن. شێوازی پاڵەوانێتی میانە K1 و باز مایانە MMA دەبێت، بەشێک لەیاریزانەکان لەسەر مەدالیای ئاڵتوونی کێبڕکێ دەکەن و ژمارەیەکی دیکە پشبێنی ئاڵتوون، بەشێکی دیاریکراویش بۆ لەسەرنانی تاجی ئاڵتوونی.
جەبار بابیەزدین، سەرۆکی رێکخراوی کانگ فۆ توا و سەرپەرشتیاری گشتیی پاڵەوانێتییەکە روونکردنەوەی زیاتر دەدات، و بەزاری کرمانجی گوت:” ژمارەیەک پاڵەوانی ناسراوی کورد، بەشداری ئەم پاڵەوانێتیە دەکەن، لەوانە هەکاری گەردی، راستی محەممەد، ئاشتی نەجات، میکائیل شوکری و پشتیوان محەممەد، هاوکات لەسەر نازناوی پاڵەوانی ساڵ کێبڕکێ دەکەن.”
جەبار، درێژەی پێدەدات:” رێکخراوی کانگ فۆ توا، چاڵاکترین ناوەندە بۆ برەودان بەجوڵەی هونەری جەنگی لەکوردستان بەگشتیی و سۆران بەتایبەتی، ساڵانە پاڵەوانێتی تایبەت بەڕێوەدەبەین و پاڵەوانانی وڵاتانی دیکە دێنە کوردستان، لەگەڵ پاڵەوانانی ئێرە کێبڕکێ دەکەن.”
سەرۆکی رێکخراوی کانگ فۆ توا، گلەیی هەن و دەپڕژێتە سەریان:” هەرێمی کوردستان خاوەن دەیان پاڵەوانی لێهاتوو و پڕ وزەیە، بەڵام بەداخەوە بەتەواوەتی پشتگوێخراون و لەهیچ بارێکدا دەسگیرۆیی ناکرێن. دەشێت بڵێین، لەدەرەوەی وڵات باشتر دەردەکەون و دەسکەوتی گرنگیان هەن، کاتێک دەڕۆنە کێبڕکێی پاڵەوانە ناسراوەکانی جیهان و لەنێویاندا دەدرەوشێنەوە.”
لەدوا ئاخاوتنەکانیدا جەبار ئاماژەی بەوەدا:” ئێمە بەبازووی خۆمان توانیومانە هونەری جەنگی لەم وڵاتە زیندو راگرین، و بەو بێ پاڵپشتییەش بەردەوام بووین لەبونیاتنانی پاڵەوان بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵە گەروەکانی جیهان.”