شەهلا ڕەشید- سۆران
بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان، دەڵێت ” دوای ئەوەی دەستكرا بە دروستكردنی بینایەی بنكەی تەندروستی گوندی گەزنە، پڕۆژەكە سەركەوتووانە جێبەجێ كراو كەوتووتە خزمەت هاووڵاتییان.
د. ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” لە پێناو زیاتر پێكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بەهاووڵاتییان، دەستكرا بە دروستكردنی بینایەكی نوێ بۆ بنكەی تەندروستی گەزنە لە سنووری ناحیەی سمیلان، خۆشبەختانە پڕۆژەكە بە شێوەیەكی سەركەوتووانە جێبەجێكراو كەوتووتە خزمەت دانیشتووانی گوندەكەو دەورووبەری”.
گووتیشی” لە بنكەی تەندروستی گەزنە، كارمەند و پەرستار وەك پێویست تێیدا كار دەكەن، هەروەها لەڕووی داودەرمانیشەوە هیچ گرفتێكی نییە بەڵكو بە زیادەش بۆیان دابینكراوە”.
پڕۆژەی بینایەی بنكەیەكی تەندروستی گوندی گەزنە لە ناحیەی سمیلان سەربە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چۆمان، بە گوژمەی زیاتر لە ١٤٧ میلۆن دینار، لەسەر گوژمەی وەزارەتی تەندروستی دروست كراوەو لە ئێستادا كەوتووتە خزمەت هاووڵاتییان.