شەهلا ڕەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی دادوەر، دەڵێت” نابێ دایك و باوك قسەی دڵیان بۆ منداڵەكانیان باس بكەن، چونكە مێشكییان سەرقاڵی ژیان و ئازارەكانی ئەوان دەبێت.
د. دیلمان ئازاد، پزیشكی پسپۆڕی دادوەر و مامۆستای زانكۆ، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” بۆ بنیاتنانی منداڵێكی دروست پێویستە بزانی چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵیدا دەكەیت، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانن بە هیچ شێوەیەك بڕیار نییە منداڵەكان ببنە هاوڕێی باوك و دایكیان، بەڵكو دەبێ ئەوان ببنە هاوڕێی منداڵەكانیان، هەوڵی ئەوەش مەدەن ڕازی دڵتان بۆ منداڵەكانتان باس بكەن چونكە ئەوان جێگەی خاڵی كردنەوەی ڕاز و نیازتان نین، بە خەم و خەفەتی نێو دڵتان ئازاری دەروونییان مەدەن و پێویستە ئێوە هەموو كات گوێ بۆ دەردە دڵیان ڕابگرن.
گووتیشی” زۆرجار باوك یاخود دایك، بە هەندێك ڕستە دەبێتە هۆكاری ئازاری دەروونی منداڵەكەی، بۆ نموونە هەر یەك لەوان دەڵێن”زۆر ئازارم دیوە بەدەست خزمەكانی دایكت یان باوكت، ناڕەحەتی زۆرم لە ژیان كێشاوە، ئەگەر تۆ نەبوویتایە لە یەكتر جیا دەبووینەوە” هەموو ئەمانە وا دەكات منداڵەكە خۆی بە تاوانبار بزانێت، ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەری دروست دەكات و لە بوارەكانی ژیان دوا دەكەوێت، تەنانەت تا گەورەش دەبێت ڕووی ئارامی نابینێت و هەمیشە ئازار خەمی شاراوە هەڵدەگرێت.