مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
چالاكوانانی بواری خێزان و توێژەرانی كۆمەڵایەتی، هۆشداری دەدەن كە كۆمەڵگەی عێراقی بە هۆی دیاردەی فڕێدانی كۆرپەلە لە شەقامەكان، لە ژێر هەڕەشە دایە و پێیان وایە ئەگەر ڕێگەچارەیەك بۆ ئەو دیاردەیە نەدۆزرێتەوە، ئەوە هیچ شتێك لە عێراق بە ناوی خێزان نامێنێت .
دالیا سامەڕایی، توێژەی بواری كۆمەڵایەتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ڕاگەیاند؛ كێشە كۆمەڵایەتییەكان و هەژاری دیارترین هۆكاری فڕێدانی كۆرپەكانن لەسەر شەقامەكاندا.”
دەشڵێت “داب و نەریت و تێڕوانینی كۆمەڵگە بۆ ژنان تراژیدیا و كێشە كۆمەڵایەتیی و ئابووریی و فەرهەنگییەكان دیارترین هۆكاری فڕێدانی كۆرپەكانن لەسەر شەقام، دوای ئەوانیش زیادبوونی ڕێژەی هەژاری لە عێراق كە دایكەكە بەهۆی نەبوونیی دەخوازێت كەسێكی دیكە منداڵەكەی بەخێو بكات كە باشتر لە خۆی ئاگاداری بێت.”
چالاكوانانی بواری خێزان و توێژەرانی كۆمەڵایەتی بە پێویستی دەبینن حكومەتی عێراق لەڕێگەی تۆڕێكی هۆشیاری فراوانەوە كار لەسەر چارەكردنی ئەم پرسە بكات.
هاوكات سەرچاوەیەك لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرای دەكات “دۆزینەوەی كۆرپە لە شەقامەكانی بەغدا و پارێزگاكانی دیكە زۆر بووە.” ئاماژەی بەوەش كرد “ئەو ئافرەتانەی كۆرپەكان فڕێ دەدەن شوێنگەلێك هەڵدەبژێرن كە سیستەمی چاودێری كامێرای لێ نییە، ئەمەش وای كردووە ئاشكراكردنی ناسنامەی ئەو كەسانە قورس ببێت.”
عەباس سەعیدی چالاكوانی مافی منداڵان ڕادەگەیەنێت “فڕێدانی كۆرپە لە سەر شەقامەكان، ڕەهەندی گەورەتری هەیە، لێكەوتە خراپەكانی دوای چەند ساڵێك دەردەكەون، بەو پێیەی مەترسییەكان ئەو كاتە ڕوون دەبنەوە، كە لەلایەن باندەكانی سواڵكردنەوەی گەورە دەكرێن و سواڵیان پێ دەكرێت.”