موڕشید برادۆستی – سۆران:
چۆمان ماوەی چەندین ساڵە قەزایە و لە رووی كارگێڕیەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، تا بنكەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی لێ نییە، زاری كرمانجی هۆكارەكە بڵاو دەكاتەوە .
عەقید ئەمیر خۆشەوی گووتەبێژەی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و ژینگەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” هەبوونی بنكەیەكی پۆلیسی ژینگە، رۆڵێكی بەرچاو دەبینێت لە كەمبووونەوەی رووداوەكانی راوكردنی نایاسایی، هەوڵێكی زۆریشمان داوە بۆ كردنەوەی بنكەیەكی پۆلیسی ژینگە لە سەنتەری قەزای چۆمان، بەڵام بەهۆی قەیران و كەمی میلاك نەمان توانیوە تا ئێستا بیكەینەوە .
گووتەبێژەی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و ژینگەی سۆران، لە سنووری پێنج قەزای ئیدارەی سۆران چوار بنكەی پۆلیس و بەشێك و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستانمان هەیە، تەنها قەزای چۆمان لەو بنكەیە بێ بەبەشە، بۆیە هەوڵی ڕژد دەدەین لە داهاتوودا بنكەیەكی پۆلیس لەو ناوچەیە بكەینەوە .
گووتیشی:” نەبوونی بنكەی پۆلیسی دارستان و ژینكە لە چۆمان مانای ئەوە نییە، ئێمە دەڤەرەكە لە رووی پاراستنی ژینگە پشتگوێ دەخەین، بەپێچەوانەوە لەگەڵ پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكانی قەزاكە چاودێری چڕ دەخەینە سەر دارستان و ژینگە و رووبارەكانی ناوچەكە، هەر كەسێك ڕاوی نایاسایی ئەنجام بدات، بێگومان رووبەڕووی یاسای دەكەینەوە .
































































