زاری كرمانجی-سۆران
سەرۆكی شارەوانی سۆران دەڵێت: ” ئەم شوێنانەی بۆ دابەشكردنی زەووی تەرخان دەكرێن، پێویستی بە نەخشەی بنەڕەتی و خزمەتگوزاری و چەند ڕێكارێكی ئیداری و یاسایی هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە هەوڵەكانمان بەردەوامی هەیە.
لەمبارەیەوە ئهندازیار سەلوا شۆڕۆ، سەرۆكی شارەوانی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: “لەئێستادا بەڕێوەبەرایەتییەكان و فەرمانگەو دام و دەزگاكانی سنوورەكەمان، سەرقاڵی پڕكردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی زەوین بۆ فەرمانبەرو كارمەندانیان، دواتریش بۆ شارەوانییەكان و وەزارت و حكوومەت بەرزدەكرێنەوە، لەوێشەوە بەپێی خاڵ و ڕێنماییەكان بڕیاری لەسەر دەدرێت، ئایا كێ لە سەرەتاوە لەوەرگرتنی زەووی سوودمەند دەبێت”.
لەوڵامی ئەو پرسیارەی ئایا لە قەزای ناوەندی سۆران، زەووی پێویست هەیە بۆ دابەشكردن، سەرۆكی شارەوانی سۆران، گووتی: ” بۆ تەرخان كردنی زەووی پێویست هەوڵەكانمان لەگەڵ ئیدارەو لایەنە پەیوەندیدارەكانی سنوورەكەمان بەردەوامی هەیە، ڕاستە لەوانەیە شوێن و زەووی هەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی فەرمانبەر و چین و توێژەكان یەكجار زۆرەو دەبێت بە وردی كاری لەسەر بكرێت”.
ئاشكراشی دەكات: ” ئەم شوێنانەی بۆ دابەشكردنی زەووی تەرخان دەكرێن، پێویستی بە نەخشەی بنەڕەتی و چەند ڕێكارێكی ئیداری و یاسایی هەیە، لەگەڵ ئەوەی پێویستە خزمەتگوزاری بۆ ئەم جۆرە شوێنانە دابین بكرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە هەوڵەكانمان بەردەوامە.

































































