مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای بۆردوومانى گۆڕەپانێكی وەرزشی لە ناوچەی موجدل شەمس، لە بەرزایییەكانی جۆلان، لەلایەن حزبوڵای لوبنانهوه، كه بووه هۆى كوژرانى 12 منداڵ و برينداربوونى 30 ى ديكه، ئیسرائیل دەڵێ “هێرشەكە بە كەڵك وەرگرتن لە مووشەكی “فەلەق 1″ دروستكراوی ئێران ئەنجام دراوە.”
دانیال هاگاری گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە نێو ئەو یاریگای بۆردوومان كراوە، قسەی بۆ میدیای وڵاتەكەی كرد و ڕاگەیاند “ئەو مووشەكەی ئەو شوێنەی پێ بۆردوومانكراوە، لە جۆری “فەلەق 1″ بووە كە دروستكراوی ئێرانە و 50 كیلۆ ماددەی تەقەمەنی هەڵدەگرێت،”
دەشڵێت “ئەو جۆرە مووشەكە تەنیا لەلایەن حزبوڵڵای لوبنانەوە بەكار دێت و مووشەكەكەش لە ناوچەی شەعبا لە باشووری لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل كراوە.”
لەو هێرشەدا كە یاریگایەكی تۆپی پێی منداڵانی بە ئامانج گرتووە، 12 منداڵ و نەوجەوان كوژراون كە تەمەنیان لە نێوان 10 بۆ 20 ساڵی دایە، هەروەها زیاتر لە 30 دیكەش بریندار بوون .
هاوكات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شێخ مەوەفەق تەعریف، سەركردەی ڕۆحی كۆمەڵگەی دروزەكان لە ئیسرائیل، سەرەخۆشی خۆی بۆ كوژرانی منداڵانی دروزەكان دەربڕی و ڕاگەیاند كە ئیسرائیل بە سادەیی لەم هێرشە تێ ناپەڕێت و حزبوڵڵا باجێكی قورسی بۆ دەدات كە تا ئێستا نەیداوە.