لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و دەڵێت، مەبەستی سەرەكیی هێرشەكە بە ئامانجگرتنی خاڵێكی بارەگای لق بووە.
ئەمڕۆ شەممە، 27ـی تەممووز، لە راگەیەنراوێكی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە هێرشێكی ترسنۆكانەدا بارەگای لقی سێی پارتیمان كرایە ئامانج، بەڵام ئاگایی و هۆشیاری پاسەوانەكانی بارەگای لق، ئەم هەوڵەی پووچەڵ كردەوە.
باس لەوەش كراوە، دیارە مەبەستی سەرەكیی هێرشەكە بە ئامانجگرتنی خاڵێكی بارەگای لقمان بووە، یەكەمجار تەقە لەوێ كراوە و مەبەستەكەش ئەوە بووە دواتر بێنە ناو لقەوە و كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن”، لە دوو شوێنی جیاوازەوە بە قەناسە و دەستڕێژ، تەقە لە بارەگاكەمان كراوە، بەڵام پاسەوانەكانی بارەگای لق وەڵامیان داونەتەوە.
ئاشكرا كراوە، ڕووداوەكە هیچ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام پێشهاتێكی خراپە و پێویستە لێكۆڵینەوەی ورد لە بابەتەكە بكرێت، لقی سێی پارتیمان، لەسەر سیاسەتی خۆی كە پێكەوەژیان و تەبایی نێوان سەرجەم پێكهاتەكانە بەردەوامە، هەموو جۆرە هەوڵێكی لەم شێوەیەش جگە لە شكستخواردنی نەیاران و پووچەڵ بوونەوەی پیلانەكانیان، هیچ دەرەنجامێكی ئەوتۆی نابێت.