محەممەد ئامۆکەیی- زاری کرمانجی:
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: ئەگەر هەنگاوەکانی سەرۆکی حکومەت بە شێوەیەکی گشتی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەهەندی پێشخستنی ژێرخانی ئابووری لە خۆوە گرتبێت، ئەوا بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش ڕەهەندەکان دوورتر و فراوانتر ڕۆیشتوون، لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆی بەڕێزیان چەندین پرۆژەی بچووک، مامناوەندی و ستراتیژی کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن.
لە بەشێکی تری نووسینەکەی دا سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران باس لە مژدەیەک دەکات و وەک خۆی دەڵێت“ لێرەوە و مژدەی نوێترین پرۆژەتان پێڕادەگەینم، کە بیرۆکەی جەنابیانە، ئەویش بەرزکردنەوەی ئاستی گەشتیاریی دەڤەرە بە شێوەیەکی سەردەمیانە. لەمەشیان، هەر لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێزیان ، کە دەبێت بە زانستیانە ئەنجام بدرێت، قۆناخی بیرۆکە و پلان دەستپێکردووە ( بە سەردانی بەڕێزیشیانەوە) وە قۆناخەکانی نەخشە و جێبەجێکردن و بەدواداچوون بەڕێوەن.
لە کۆتا نووسینەکەی دا هەڵگورد شێخ نەجیب، ئاماژەی بەوەش کردووە“ سەرەڕای ئاستەنگەکان، هەموو هەنگاوەکان ئاراستەی دروست و زانستیانن و ئومێد ببەخشن.