” هاتنەوەی داعش بۆ دروستكردنی هەرێمی سوونەیە”
” ئەمە یارییەكی مەترسیداری پەكەكەیە كە گوشارەكانی سەر خۆی كم بكاتەوە”
” ئەو چەكدارانە بە ماتۆرسكل هاتووچۆ دەكەن”
سەرچاوەكانی هەواڵی لە سەر زاری بەرپرسانی سەربازی و هەواڵگری عێراق باس لە زیاد بوونی جوولەی چەكدارانی داعش لە موسل و كەركووك دەكەن.
ڕێکخەری پێشووی پەیوەندییەکانی نێوان حەشدی شەعبی و هێزە کوردییەکان لە کەرکووک، ڕاگەیاند،”جم و جۆڵی داعش لەناوچەکانی کەرکوک و سەڵاحەدین لاوازە، بەڵام جوڵەیان لەدەوروبەری موسڵ هەیە.”
هەروەها نازم کەهیە دەڵێت،”ژمارەیەک داعش لە سوریا ئازاد کراون و ئازاد کردنیان جێی گومانە، ڕەنگە ئەو داعشانە بێنە عێراق و بکرێتە کارتی فشار بۆ جێبەجێکردنی خواستی هەندێک وڵاتی هەرێمی بۆ دروستکردنی هەرێمی سوونە.”
لە لایەكی دیكەوە وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زنانەی باکووری رۆژهەڵاتی قەزای خورماتوو، ڕایگەیاند،”جم و جۆڵی داعش سەری هەڵداوەتەوەو بە ماتۆڕ سکیل چەکدارەکانیان هاتووچۆ دەکەن.”
ئاشكراشی كرد”چەکدارەکانی داعش زیاتر بەو ناوچانەدا هاتووچۆ دەکەن کە جێی سەرنجی هێزە سەربازییەکان نین، تا لە ڕێگەی کامیرای حەرارییەوە چاودێری جم و جۆڵیان نەکرێت.”
ئەم جوولانەی چەكدارانی داعش لە كاتێكدایە كە هێزەكانی سوریای دیموكرات، بە ناوی لێبوردنی گشتی 1500 زیندانی داعشی ئازاد كرد.
بۆیەش هێزەكانی عێراق ترسی ئەوەیان هەیە ژمارەیەكی زۆری ئەو چەكدارانە دزە بكەنە ناو عێراق بە تایبەتی كە سەدان لەو زیندانیانەی ئازاد كراون خەڵكی موسل و كەركووكن. بۆیەش هێزەكانی حەشدی شەعبی بە درێژایی سنووری نێوان سوریا و عێراق هێزێكی زۆریان بڵاوە پێ كردووە و 11 كامێرەی حەرارییان داناوە.
لە لای خۆشیەوە قاشم شەشۆ بە كەناڵەكانی راگەیاندنی گووتووە ” ئەمە بڕیارێكی مەترسیدارە لە لایەن پەكەكەوە دراوە تا وەك گووشار بۆ سەر حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەكاریان بێنێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی كە حكومەتی عێراق بڕیاری قەدەفە كردنی چاڵاكییەكانی پەكەكەی بە فەرمی راگەیاند “.