شەهلا ڕەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی ئافرەتان، دەڵێت” پێویستە خانمی دووگیان چەند ڕێنماییەك جێبەجێ بكات بۆ پاراستنی تەندروستی خۆی و كۆرپەكەی.
د. بنار ئەحمەد، پزیشكی پسپۆڕی ئافرەتان و منداڵبوون، ڕاگەیاند” مانگەكانی یەكەمی دووگیانی قورسترین قۆناغەكانن كە دایك پێیدا تێدەپەڕێت، چونكە تووشی چەندین نیشانەیەك دەبێت وەك هێڵنجدان، ئازاری سك، لەدەستدانی ئارەزووی خواردن و سەرگێژخواردن، بۆیە دەبێت هەندێك ڕێنمایی جێبەجێ بكات بۆ پاراستنی تەندروستی خۆی و كۆرپەكەی، كە بریتین لەمانەی خوارەوە:
-خواردنی خۆراكی تەندروست: خۆراكی باش لە ماوەی دووگیانیدا گرنگە، بۆیە دەبێ ئەو خواردنە هەڵبژێریت كە بەهای بەرزی تەندروستییان هەیە وەك سەوزەوات، میوە و چەرەزات، هەروەها دووربكەونەوە لە خۆراكە ناتەندروستەكان.
-خواردنەوەی ئاو بە بەردەوامی.
-خواردنی ڤیتامیناتەكانی دووگیانی بە ڕێكی و بەردەوامی.
-دووركەوتنەوە لە خۆراكی نەكوڵاو.
-خەو و پشوودان زۆر گرنگن، ئافرەتی دووگیان شەوانە بەلایەنی كەم پێویستی بە 8 كاتژمێر خەو هەیە.
-دووركەوتنەوە لە جگەرە كێشان و نێرگەلە.
-خۆ بەدوورگرتن لە بەكارهێنانی دەرمان بەبێ ئاگاداری پزیشك، چونكە هەندێكیان مەترسییان لەسەر كۆرپە هەیە.
-پیادەڕەوی لەكاتی دووگیانیدا پێویستە بۆ چالاك كردنی سووڕی خوێن و بەهێز كردنی جەستە.