محەممەد مەحموود- سۆران :
لەودوا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بانگدان دەبێتە شێوازی ئەلیکترۆنی و لە رێگەی ستۆدیۆوە ئەو بانگە بۆ سەرجەم مزگەوتەکان پەخش دەکرێت.
د.پشتیوان سرێشمەیی، بەڕێوەبەری ئەوقافی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە زاری کرمانجی ڕایگەیاند: هەرچەندە پێی دەوترێت “بانگدانی ئەلیکترۆنی، بەڵام ئەلیکترۆنی نییە و ڕاستەوخۆ لە رێگەی ستۆدیۆوە بانگ دەدرێت و ئەو بانگە لە ڕێگەی ئامێرێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ هەموو مزگەوتەکان”.
بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران باسی لەوەشکرد” بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی ئیدارەی سۆران، ئێستا سەرقاڵی یەکخستنی بانگە لە هەموو مزگەوتەکان، سەرەتا لەناو سەنتەری سۆران دەستی پێکردووە، دوای سۆران لە رواندز و خەلیفان و سیدەکان و مێرگەسۆر و چۆمانیش، جێبەجێ دەکرێت”.
د.پشتیوان سرێشمەیی روونیکردەوە، لە هەر پارێزگایەک و ئیدارە سەربەخۆکان ستۆدیۆیەک دادەنرێت و لە ڕێگەی ئامێرێکەوە هەموو مزگەوتەکانی پێوە دەبەسترێتەوە، لەگەڵ هەر کاتێکی بانگدان، لەو ستۆدیۆیەوە کەسێکی دەنگخۆش کە دیاریکراوە بانگ دەدات و هەمان دەنگ لە هەمان کاتدا بۆ هەموو مزگەوتەکان پەخش دەبێت”.
ئاماژەشی بەوە کرد کە “پڕۆژەکە بیرۆکەی وەزارەتی ئەوقافە و گرفتی شەرعی نییە و لیژنەی باڵای فەتوا بڕیاری لێداوە، بە جێبەجێکردنی کێشەی کاتی جیاوازی بانگدان لە مزگەوتەکان و کێشەی دەنگ ناخۆشی بانگدەر نامێنێت، چونکە ئەو بانگە لە ستۆدیۆ و بە مەقاماتی جیاواز دەدرێت.