لە چەند رۆژی رابردوو هێزەكانی توركیا لە رێگەی درۆن و فڕۆكە جەنگییەكانییەوە هێرشی بۆ سەر ئەو ئاوچانە چڕتر كردۆتەوە كە گومانی بوونی هێزەكانی پەكەكەی لێدەكرێت.
لەم چوارچێوەیەشدا رۆژانی 26 و 27ی تەموز فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە فراوانی و چڕ بۆردومانی ناوچەکانی قەزای سۆران و چەندان شوێنی چیای قەندیل و گەڵاڵەی شارباژێری کرد، کە هەندێکیان نزیک گوندو شارۆچکەکانە.
کامەران عوسمان لە رێکخراوی CPT لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای كرد” سوپای تورکیا زنجیرەیەک بۆردوومانی بۆ سەر سنووری ناحیەی قەسرێ لە قەزای چۆمان و کوێستانەکانی قەزای سیدەکان و گوندی گەڵاڵەی قەزای ماوەت ئەنجامدا”.
لە بارەی ورردەکاری بۆردوومانەکە ناوبراو روونیدەكاتەوە ” لەکاتژمێر 10 و50خولەکی ئەمشەو، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بۆردوومانی شاخی کۆخە و چیای شێخ ناسریان کرد لە ناحیەی قەسرێ لەسنوری قەزای چۆمان، هەروەها بۆردوومانەکەی سنووری قەسرێ، زۆر نزیک بووە لە ناحیەی قەسرێ، بەشێوەیەک کە تەواوی دانیشتووانی ناحیەکە هەستیان بە بۆردوومانەکە کردووە. لەماوەی یەک مانگدا، ئەمە دووەمین جارە کە دەووروبەری چیای شێخ ناسڕ بۆردووماندەکرێت”.
کامەران عوسمان دەڵێت ” هەر لە هەمانکاتدا، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەت و کوێستانەکانی لۆلان و خنێرەیان لە قەزای سیدەکان بۆردوومانکرد”.
هەر چەندە بە هۆی بۆردوومانەكان ئاگرێكی زۆر لەو ناوچانە كەوتۆتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیاری لەسەر زیانی گیانی بڵاو نەبۆتەوە “.