ژمارەی کرێکاری دەستەبەرکراو لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، لە شەش مانگدا پارەی نێو سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی نزیکەی 110 ملیار دینار بەرزبووەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتی پرۆژەی دەستەبەرکراو لە هەرێمی کوردستان، 51 هەزار پرۆژەی تێپەڕاندووە و زیاتر لە 182 هەزار کرێکاریش دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە.
محەممەد ئەمین حاجی، بەڕێوەبەری پلان و بەدواداچوون لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، گوتی: تا نیوەی یەکەمی ئەمساڵ 51 هەزار و 215 پرۆژە دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە و بەراورد بە کۆتایی ساڵی ڕابردوو، دوو هەزار و 843 پرۆژە زیادی کردووە.
لەبارەی کرێکارانی دەستەبەرکراویش، کۆی گشتیی ئەو کرێکارانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە گەیشتووەتە 182 هەزار و 678 کرێکار و بەراورد لەگەڵ کۆتایی ساڵی ڕابردوو 17 هەزار و 51 کرێکار زیادیکردووە، سەبارەت بە ژمارەی کرێکاری خانەنشینکراو 31 کرێکار زیادیکردووە و گەیشتووەتە 957 کرێکار.
هاوکات محەممەد ئەمین حاجی ڕایگەیاند، پارەی نێو سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی گەیشتووەتە یەک ترلیۆن و 161 ملیار و 686 ملیۆن و 175 هەزار و 808 دینار، لە کاتێکدا لە کۆتایی ساڵی 2023 تەنیا یەک ترلیۆن و 51 ملیار و 671 هەزار و 776 دیناری تێدا بووە.