مستەفا دۆلەمەری- زاری كرمانجی :
دوای گەڕانەوەی ناوی قوتابییان لە زانكۆ و پەیمانگەكان، سەرقاڵی تەواوكردنی كاروبارەكانی خۆ تۆماركردن و دەستبەكاربوونییان، بەڵام مامۆستایەكی زانكۆی سۆران، دەڵێت:” لە وەرگرتنی قوتابییان بێسەروبەرییەكی سەرسووڕهێنەر هەیە.”
یادگار ئیسماعیل مامۆستای زانكۆی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” لە وەرگرتنی قوتابییان بە تایبەت لە بەشی ئینگلیزی، پێوەرێكی وەهایان نەهێشتووەتەوە و هیچ چۆنیەتییەك بەدی ناكرێت لە وەرگرتنی قوتابییان، بە نمرەیەكی زۆر كەم قوتابی لەوانەی ئینگلیزی وەرگیراون، ئەمەش لە داهاتوو ئاستەنگی زۆر گەورە دووچاری ئەو قوتابییانە دەبێتەوە كە لە بەشەكانی زمانی ئینگلیزی وەرگیراون، ژمارەیەكی زۆریشیان لە داهاتوو دەرناچن و دەبنە سەر ئێشەیەكی مەزن بۆ مامۆستا و بەشەكان.”
ئەو مامۆستای زانكۆی سۆران، دەڵێت:” وەزارەتی خوێندنی باڵا، تا ئێستاش وا دەزانێت بەشەكانی زمانی ئینگلیزی ناوەندی فێركردنی زمانن، لە بنەڕەتدا پێویستە ئەو قوتابییانە بێنە بەشی ئینگلیزی ئاست و توانای زمانی ئینگلیزی و كوردییان زۆر باش بێت، ئەو ناوەندگەرایە و چەقپەرستیەی خوێندنی باڵا كێشەیەكی ئێجگار مەزنە بەوەی هیچ پێشنیازێكمان لێ وەرناگرن. لەوەش خراپتر بۆ رازیكردنی دەنگدەران و لایەنی سیاسی و حیزبایەتی، هەندێك بڕیاری هەڵە دەدرێن، لە زۆر وەرگرتنی قوتابییان تا دەگاتە جیاوازیكردنی نێوان زانكۆكان لە وەرگرتنی ژمارەی قوتابییان، سەرەنجام هیچ بەهایەك بۆ چۆنیەتی ناهێڵێتەوە و چەندایەتییان زۆر لا گرنگترە.”
گووتیشی:” گرنگە ساڵانە بۆ تایبەتمەندییەكان، وەزارەت و وەزیر خۆی ڕاوێژ بە بەشە زانستییەكان بكات و پێشنیاز و ڕەخنەكانیان بە هەند وەربگرێت، ناكرێت بە پێوەری سەیر و بێ بنەما و توێژینەوە قوتابی وەربگیرێن و تەنیا بە ئامانجی ڕازیكردنی گشتی بارگرانی لەسەر زانكۆكان دروست بێت و لەوەش خراپتر چۆنیەتی كەم و كەمتر ببێت”.