شەهلا ڕەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی زانستی خۆراك، لەم بابەتە تەندروستییەدا باسی كۆبوونەوەی چەوری و قەڵەوی ورگ لە خانماندا دەكات و دەشڵێت” تەمەن چەند گەور ببێت سووتانی چەوری قورستر دەبێت.
د. كامەران ڕەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراك، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” قەڵەوی و كۆبوونەوەی چەوری لە ورگ، بۆنەتە گرفت بە تایبەت لە خانماندا، چونكە شۆڕبوونەوەی پێست دەبێتە هۆی بێزار بوونیان و كێشەی تەندروستی لێ دەكەوێتەوە و نابێ پشتگوێ بخرێت، بەڵكو دەبێ بەشێوازی زانستی چارەسەر بكرێت، لێرەدا ئاماژە بە چەند هۆكارێك دەكەین، لەوانەش:
-ڕۆژانە خواردنی بڕێكی زۆر خۆراك كە وزەی زیاد لە پێویستی بۆ جەستە تێدا بێت، بۆیە چەوری لە بەشە جیاوازەكانی لەش كۆ دەبێتەوە و یەكەم شوێنیش ناوچەی ورگ و بەشی خوارەوەی سكە، دوای ماوەیەك زۆر خواردن گەددە ڕادێت و ئەو كەسە هەست بە تێربوون ناكات، ناچار دەبێ بڕێكی زۆرتر خواردن بخوات، تەنها ئەمەش كاریگەر نییە بەڵكو جۆرەكانی خۆراكیش ڕۆڵی زۆریان هەیە، چونكە كۆمەڵێك هەن دەبنە هۆی زیادبوونی چەوری ورگ وەك شیرینی، ساردەمەنی، چەوری زۆر، خواردنی سووركراوە، خواردنەوە گازی و كەحولیەكان .
-كەمی جووڵە و سستی: لەش پێویستی بە جووڵەی زۆر و وەرزشكردن هەیە بۆ زیاتر سووتانی چەوری، تەمبەڵی دەبێتە هۆی هێواش كردنەوەی ڕێژەی مێتابۆلیزمی جەستە .
-تەمەن: لەگەڵ چوونە تەمەنەوە سووتانی چەوری قورستر و هێواشتر دەبێت بە تایبەت لە خانماندا دوای تەمەنی وەستانی سووڕی مانگانە، گۆڕینی هۆرمۆنەكان، دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین، ئەگەری كۆبوونەوەی چەوری زیاتر دەبێت .
-كەمخەویی و شەونخوونی : شەوانە نەخەوتن وەك پێویست دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ڕێژەی سووتانی چەوری و خاوبوونەوەی مێتابۆلیزم .
-سترێس و فشاری دەروونی .
-لە كاتی دووگیانی و دوای منداڵبوون: تایبەت ئەگەر خواردنی ناتەندروست و شیرینی و چەوری زۆر بخورێت، هەروەها نەشتەرگەری منداڵبوونیش دەبێتە هۆی شۆڕبوونەوەی ورگ بەڵام شیردانی سروشتی یارمەتی دابەزینی كێش دەدات .
-كۆنیشانەی كیسی هێلكەدان .