”لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراق رەزامەندی لەسەر پڕۆژەى گەشتوگوزارى سۆران دراوە”
بەختیار سەباح- ڕواندز:
بە ئامادەبوونى شاندێکى وەزارەتى ڕۆشنبیریى و دەستەى گەشتوگوزارى عێراق، بۆ هەڵبژاردنى باشترین گوندى گەشتیاریى وۆرکشۆپێکى لە قەزاى ڕواندز بەڕێوەچوو.
فەیسەل سادق، بەڕێوەبەرى گشتیى گەشتوگوزارى سۆران، لەمبارەیەوە بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ”دوێنێ چوارشەممە، 24ی تەمموزى ٢٠٢٤ لە هۆڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان، بە بەشدارى قایمقامی قەزای ڕواندزو ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرى فەرمانگە ئیدارییەکانى ڕواندزو ڕێکخراوەکانى مەدەنى، وۆرکشۆپێکى هاوبەش لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی ڕۆشنبیریی و دەستەی گەشتوگوزاری حکومەتی عێراق بەڕێوەچوو”.
زیاتر گووتى: ” مەبەستى وۆرکشۆپەکە گفتوگۆکردن بوو، لەسەر ئامادەکاریکردن و پێشکەشکردنی پڕۆپۆزەلی تایبەت بە هەڵبژاردنی باشترین گوندی گەشتیاریی لەسەر ئاستی عێراق لە چوارچێوەی پڕۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو (BTV) کە ساڵانە ئەنجام دەدرێت”.
بەڕێوەبەرى گەشتوگوزارى سۆران ئەوەشى روونکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری سۆران، پێشتر ئامادەیی خۆی نیشاندا بوو، هەروەها پڕۆپۆزەلی تایبەتى بۆ ئەم مەبەستە پێشکەش کردبوو، لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراق رەزامەندی لەسەر دراوە، بەڵام پێویستی بە تەواوکردنی دیکۆمێنت و بەڵگەنامەکان هەیە. ”
ئاماژەى بەوەشکرد، لەلایەن شاندی میوان پرێزنتێیشنى نەتەوە یەکگرتوەکان خرایەڕوو، کە تێیدا مەرج و پێداویستی بەشداریکردن لەو پڕۆگرامە، خرایەڕوو .
